ئارتێتا: بەهۆی گواردیۆلاوە گەیشتینە چوارگۆشەی زێڕینی چامپیۆنزلیگ

17-04-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا یانەی ئارسیناڵ یانەی ریال مەدرید پێپ گواردیۆلا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

میکێل ئارتێتا، راهێنەری یانەی ئارسیناڵ دانیبەوەدانا کە پێپ گواردیۆلای راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی، رۆڵی گەورەی هەبووە لە پەڕینەوەی ئارسیناڵ بەرەو قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگی ئەمساڵ.
 
ئارسیناڵ لە هەردوو یاریی چوون و هاتندا بەئەنجامی 5 - 1 لە ریال مەدریدی بردەوە و گەیشتە قۆناخی چوارگۆشەی زێڕین بۆ رووبەڕووبوونەوەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی.
 
ئارتێتا، لە پاش یارییەکە لە لێدوانی بۆ رۆژنامەڤانان گوتی، "کاتێک دەبینم لە چوارگۆشەی زێڕینی چامپیۆنزلیگین، ئەوە بەهۆی پێپ گواردیۆلاوەیە، ئەم بەیانییە پەیوەندیم پێوەکرد و هەتا ماویشم سوپاسی دەکەم".
 
راهێنەری ئارسیناڵ، پێشتریش پاشئەوەی بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لە یاریی چووندا سەرکەوتنی بەسەر ریال مەدرید بەدەستهێنابوو، رایگەیاندبوو کە راوێژی بەگواردیۆلا کردووە، لەپێناو سەرکەوتن بەسەر ریال مەدرید.
 
ئەوکات ئارتێتا گوتبووی، "لە رۆژانی کەمی رابردوودا لەگەڵ پێپ قسەمانکرد، من دەمویست گفتوگۆی لەگەڵ بکەم، پێموایە ئەویش هەمان شتی ویست، کارێکی باشە کاتێک لە کەسی باشتر لەخۆت فێردەبیت، من بەبەختم کە کەسانی زۆر نایاب لە چواردەورمن، ئەمە زۆر هاوکاریی کردم".
 
ئارتێتا پێشتر وەک یاریدەدەر ماوەی سێ ساڵ لەگەڵ پێپ گواردیۆلا لە مانچێستەر سیتی کاریکردووە، یەکێکە لەو راهێنەرانەی بەبیرۆکە و ستایلی یارییکردنی پێپ سەرسامە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە