رووداو دیجیتاڵ
خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا دووپاتیکردەوە دۆخی دارایی یانەکەی زۆر باشتربووە لە پێشوو، ئاماژەیبەوەداوە یانەکەی لە بازاڕی گواستنەوەدا گرێبەستی نوێ ئەنجامدەدات.
بارسێلۆنا سیانەی لالیگا، جامی شا و جامی سوپەری ئیسپانیای بەدەستهێنا و لەگەڵ هاندەرەکانی لەسەر شەقامەکانی بارسێلۆنا ئاهەنگی گێڕا.
سەرۆکی یانە کەتەلۆنییەکە لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەگەری هێنانی یاریزانی نوێوە بۆ یانەکەی گوتی، بەڵێ بەدڵنیاییەوە دەتوانین یاریزانی نوێ بهێنین.
قسەکانی لاپۆرتا مایەی دڵخۆشیی هاندەرانی یانەکەیەتی کە لە چەند وەرزی رابردوودا بەهۆی کێشەی داراییەوە، یانەکەیان نەیتوانی بەدڵی خۆی گرێبەست لەگەڵ یاریزانان بکات.
لاپۆرتا دەڵێ، "ئێمە بنەمای 1:1 جێبەجێ دەکەین و پابەندین بەیاسای یاریی خاوێنەوە. هیوادارم چەند ساڵێک بەو شێوەیە بمێنینەوە".
سەرۆکی بارسێلۆنا دانی بەڕاستتە تاڵەکەداناوە، "لەدۆخێکی هەستیاردابووین، ئێستا دەبێ بەباشی کاربکەین".
ئەو سەرۆکە کە بەنیازە لە هەڵبژاردنی داهاتووشدا خۆی بۆ سەرۆکایەتیی یانەکە هەڵبژێرێتەوە، متمانەی بەوە هەیە کورسییەکانی ڤی ئای پی لە یاریگەی نوێی کامپ نۆ، تۆماربکرێن کە یانەکە فرۆشتوونی و دەڵێ، "کورسییەکان هەن، پێموایە ئەم مانگە ئیدی لە لیستی داهاتەکانماندا تۆمار دەکرێن".
ئەو هەروەها دەڵێ، "دەبێ لەبیرمان بێت کە دەستەی لالیگا بنمیچی مووچەی ساڵانەمان ئەوکات بۆ دیارییدەکات کە ئێمە بودجەی خۆمانمان بۆ ناردن، دیکۆی بەڕێوەبەر ماوەیەکی زۆرە کار لەسەر ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی داهاتوو دەکات".
خوان لاپۆرتا، لەبارەی جووڵەکردن بەئازادیی لە بازاڕی گواستنەوەدا دەڵێت، "ئەوە ئاسان نابێت" بەڵام گەشبینیی گەورەی بەتوانای یانەکەی بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی دەربڕی و دەڵێ، "بەڵێ دەتوانین گرێبەست لەگەڵ یاریزانی نوێدا بکەین".
ئەو هەروەها دەڵێ، "لەگەڵ بوونی هەندێک زەحمەتیدا، بنەماکانی یاریی خاوێن زۆر تایبەتن، دەکرێ لێکدانەوەی جیاوازیان بۆ بکرێت، ئێمە لەپێناوخۆماندا تێدەکۆشین، بەڵام کارەکە ئاسان نییە و لە کۆتاییدا ئەنجامی دەدەین".
سەرچاوە میدیاییەکان ئاماژە بەوەدەدەن کە یانەی بارسێلۆنا دەیەوێت لەماوەی گواستنەوەی هاوینەی ئەمساڵدا گرێبەست لەگەڵ چەند یاریزانێکدا بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا ئامانجەکەی بەتەواوی ئاشکرا نەکردووە کام یاریزانی دەوێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ