هالاند ریکۆردی تۆمارکرد و نەرویجی گەیاندە مۆندیال

17-11-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئێرلینگ هالاند
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئێرلینگ هالاند، ئەستێرە و گۆڵکاری هەڵبژاردەی نەرویج سەرکردایەتیی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026، دوای ئەوەی بردنەوەیەکی گەورەیان بەرامبەر هەڵبژاردەی ئیتاڵیا تۆمارکرد.
 
لە دوایین گەڕی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیال، نەرویج لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بووە میوانی ئیتاڵیا و یارییەکەی بە چوار گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە.
 
دوای 11 خولەک یارییکردن، پیۆ ئێسپۆسیتۆ گۆڵی پێشکەوتنی بۆ خاوەن یاریگە تۆمارکرد، نیوەی یەکەمی یارییەکە لە بەرژەوەندی ئیتاڵیا تەواو بوو.
 
لە نیوەی دووەمدا، نەرویج ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد، لە خولەکی 63 ئەنتۆنیۆ نوسا ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە.
 
دوای ئەوە لە خولەکی 78 و 79 ئێرلینگ هالاند، دوو گۆڵی لەسەریەک تۆمارکرد و ئەنجامەکەی بۆ نەرویج پێچەوانە کردەوە.
 
لە کاتی زیادکراوی یارییەکەدا ستراند لارسن، گۆڵێکی دیکەی تۆمارکرد، نەرویج یارییەکەی بە چوار گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە.
 
پێویستبوو ئیتاڵیا ئەم یارییە بە 9-0 بباتەوە بۆ ئەوەی راستەوخۆ بگاتە مۆندیال، بەڵام نەک ئەوەی نەکرد، یارییەکەشی نەبردەوە.
 
نەرویج لە 8 یارییدا هەموو یارییەکانی بردووەتەوە، بە کۆکردنەوەی 24 خاڵ و دوای 28 ساڵ دوورکەوتنەوە جارێکی دیکە بەشداری لە مۆندیالدا دەکاتەوە.
 
هالاند مەترسیدارترین هێرشبەری پاڵاوتنەکانی مۆندیال بوو، لە 8 یارییدا 16 گۆڵی تۆمارکردووە، یاریزانەکە گۆڵکاری پاڵاوتنەکانە و دوو هێندەی نزیکترین رکابەری گۆڵی کردووە کە هاری کەینە بە 8 گۆڵ.
 
گۆڵکارە نەرویجییەکە 55 گۆڵی لە 48 یارییدا بۆ هەڵبژاردەکەی تۆمارکردووە، گۆڵکاری مێژوویی هەڵبژاردەکەیەتی.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە