پلانی پێرێز بۆ 2022 ئاشکرابوو.. 4 کڕین و 7 فرۆشتن

18-01-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن فلۆرێنتینۆ پێرێز ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، پلانێکی جەهەننەمی داناوە، بۆ ئەوەی لە 2022 تیپەکەی بکاتە بەهێزترین تیپی ئەوروپا، پلانەکەی فرۆشتنی 7 یاریزان و کڕینی 4 ئەستێرە دەگرێتە خۆی.
 
سەرچاوەیەکی نزیک لە یانەی شاهانە، ئاشکرایکرد کە پێرێز پلانی پرۆژەیەکی بەدەستەوەیە، بۆ ئەوەی یانەکەی لە چەند ساڵی داهاتوودا بکاتەوە شای ئەوروپا و دەڵێت "پرۆژەی پێرێز لە هاوینی داهاتوودا دەستپێدەکات، کە بریتییە لە بەڕێکردنی چەند یاریزانێک و هێنانی چەند ئەستێرەیەکی دیکە بۆ نێو پێکهاتەی کارلۆ ئەنچیلۆتیی راهێنەر".
 
ئەو سەرچاوەیە، ئاشکرایکردووە کە پرۆژەکەی پێرێز بە فرۆشتنی 7 یاریزانی دەستپێدەکات و 4 یاریزانی دیکەش دێنێتە ریزەکانی ریال مەدرید.
 
وەک ئەو سەرچاوەیە باسی دەکات، سەرۆکی ریال مەدرید لە هاوینی داهاتوودا دەرگای رۆیشتن لەبەردەم 7 یاریزانیدا دەکاتەوە، بۆ ئەوەی لە یانەکەی بڕۆن، کە بریتین لە مارسێلۆ، گاریس بەیڵ، ئێدین هازارد، ئیسکۆ، ماریانۆ دیاز، دانی سیبایۆس و لوکا یۆڤیچ.
 
لەو بارەیەوە ئەو سەرچاوەیە، دەڵێت "ئەو یاریزانانە پێویستە لە ریال مەدرید بڕۆن، چونکە هیچ شوێنێکیان لە پلانەکانی ئەنچیلۆتیدا نابێت، تەنیا لوکا یوڤیچ نەبێت، کە ئەگەر ریال مەدرید نەیتوانی گرێبەست لەگەڵ ئێرلینگ هالاندی هێرشبەری نەرویجی بکات، یاریزانە سربییەکە دەتوانێت بمێنێتەوە".
 
هەر بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، بەشی دووەمی پلانی پێرێز بۆ هاوینی داهاتوو، بریتییە لە گرێبەستکردن لەگەڵ 4 یاریزان، کە بریتین لە کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسی یانەی پاریس سانجێرمان، کە بەڵێنی بە پێرێز داوە بەبێ بەرامبەر بچێتە ریال مەدرید، هەروەها رۆدیگێری بەرگریکاری ئەڵمانی یانەی چێڵسی ئینگلیزی، فرانک کیسێی یاریزانی یانەی میلانی ئیتاڵی و ئێرلینگ هالاندی ئەستێرەی نەرویجیی یانەی بۆرووسیا دۆرتموندی ئەڵمانی.
 
لە پلانەکەی پێرێزدایە کە هیچ یاریزانێک بۆ شوێنگرتنەوەی دانی کارڤاخالی بەرگریکاری باڵی راست نەهێنێت و ئەنچیلۆتی لە کاتی پێویستدا دەتوانێت لەو شوێنە پشت بە لوکاس ڤاسکێز ببەستێت.
 
بەشێکی دیکەی پلانەکەی فلۆرێنتینۆ پێرێز بریتی دەبێت لە گەڕاندنەوەی دوو یاریزانی خۆی، کە بەشێوەی خواستن بە یانەکانی دیکەی داون، ئەوانیش هەریەک لە براهیم دیاز کە بۆ میلان یاری دەکات و کوبۆی ژاپۆنی کە لە مایۆرکایە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە