رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید خۆی بۆ گۆڕانکارییەکی گەورە ئامادەدەکات و دەیەوێت لە هاوینی داهاتوودا بە راهێنەرێکی نوێ و تیپێکی جیاوازەوە بچێتە نێو ئامادەکارییەکانی وەرزی داهاتوو.
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید بیر لە گۆڕانکاریی گەورە دەکات و ئەگەری هەیە لەبارەی دۆخی یانەکەشەوە قسە بکات، بەتایبەت دوای ئەوەی جامی شای ئیسپانیا لەدەستدا و لە چامپیۆنزلیگ کرایە دەرەوە، لە لالیگاشدا یانەکە 9 خاڵ لە بارسێلۆنای یەکەمەوە دوورە.
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی باس لە ناوی چەند راهێنەرێک دەکات کە بۆ هاوینی داهاتوو لە پلانەکانی ریال مەدریددان بۆ وەرگرتنی راهێنەرایەتیی یانەکە و ناوی چاوەڕواننەکراویشی تێدایە.
بە هەموو ئەگەرەکانەوە ئەلڤارۆ ئەربێلوا، بۆ وەرزی داهاتوو لە راهێنەرایەتیکردنی ریال مەدرید بەردەوام نابێت، پێرێز هەڵسەنگاندن بۆ چەند بژاردەیەک دەکات بۆ ئامادەکردنی تیپێکی بەهێز بۆ وەرزی داهاتوو.
مارکا لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لە گەڕانەوەی جۆزێ مۆرینیۆ بۆ یانەکە دەکەن دەڵێت "تاوەکو ئێستا یانەی ریال مەدرید هیچ پەیوەندییەکی بە مۆرینیۆوە نەکردووە، هەرچەند راهێنەرەکە پێیوایە یانەکە بۆ ئەو شوێنێکی نایابە و ویستی گەڕانەوەی بۆ یانەکە هەیە".
بەپێی رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، زینەدین زیدان، بژاردەی یەکەمی پێرێزە بۆ راهێنەرایەتیکردنی ریال مەدرید، بەڵام راهێنەرەکە بیر لە وەرگرتنی راهێنەرایەتی فەرەنسا دەکاتەوە و ماوەیەکی زۆرە چاوەڕێی ئەوەیە.
ناوە چاوەڕواننەکراوەکەی نێو پلانەکانی ریال مەدرید، بیرکردنەوەی لە گرێبەستکردن لەگەڵ پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی، کە گرێبەستەکەی بەرەو کۆتایی دەچێت و تاوەکو ئێستا بڕیاری نوێکردنەوەی نەدراوە.
جگە لەم ناوانە، یۆرگن کڵۆپ، ماوریسیۆ پۆچێتینۆ، سێسک فابریگاس، ماسیمیلیانۆ ئالێگری، ئونای ئێمری و دیدێ دیشام ئەو راهێنەرانەن کە ناویان لەسەر مێزی ریال مەدریدە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ