پێرێز دواهۆشداری دەداتە چەند یاریزانێکی

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن فلۆرێنتینۆ پێرێز ریال مەدرید
A+ A-
رووداو - هەولێر

فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید هۆشداریی کۆتایی دەداتە چەند ئەستێرەیەکی ریال مەدرید و دەیانخاتە بەردەم بڕیارێکی چارەنووسساز.
 
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بە قۆناخێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، بەهۆی ئەوەی لەم وەرزەدا ئاستی یانەکە بەردەوام لە پاشەکشەدایە. ئەمەش کارگێڕیی یانەکەی ناچارکردووە بەر لە دەستپێکردنی وەرزەکانی داهاتوو، بیر لە بڕیاری یەکلاکەرەوە بکەنەوە.
 
فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید پێیوایە هەندێک لە یاریزانەکان زیاتر لە قەبارەی خۆیان دەبینن و ئاستی راستەقینەی خۆیان نیشان نادەن، بۆیە بڕیاردراوە چارەنووسی یاریزانەکان لەناو یانەکەدا بەپێی ئاستیان لە مانگەکانی داهاتوودا دیاری بکرێت.
 
بەپێی زانیارییەکان، یاریزانە سەرەکییەکانی وەک  ڤاڵڤێردی، کاماڤینگا، بێلینگهام، رۆدریگۆ، ئیبراهیم دیاز و ڤینیسیۆس جۆنیۆر  لەژێر چاودێرییەکی وردی کارگێڕیدان. داوایان لێکراوە ئاستێکی ناوازە پێشکەش بکەن بۆ ئەوەی پێگەی خۆیان لە پێکهاتەی سەرەکیدا بپارێزن.
 
لەلایەکی دیکەوە، یاریزانانی وەک  ئالابا، رۆدیگێر، فران گارسیا و سێبایۆس رووبەڕووی مەترسیی بەڕێکردن بوونەتەوە. یانەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەگەر ئەو یاریزانانە گۆڕانکاریی ریشەیی لە ئاستیاندا نەکەن، ئەوا لە لیستی فرۆشتن دەبن و رۆیشتنیان کاریگەرییەکی ئەوتۆ لەسەر یانەکە دروست ناکات.
 
ریال مەدرید هەلی کۆتایی دەداتە یاریزانەکان بۆ ئەوەی لە یارییەکانی داهاتوودا تواناکانی خۆیان بسەلمێنن، چونکە جەماوەری یانەکە چیدی بەرگەی ئاستی لاواز و کەمتەرخەمی لەنێو یاریگەدا ناگرن. ئێستا هەر یارییەک بۆ یاریزانەکان وەک تاقیکردنەوەیەکی چارەنووسسازە و دەبێت بیسەلمێنن کە شایستەی پۆشینی درێسی مێرێنگێن.
 
بڕیارەکەی پێرێز روونە: هەر یاریزانێک نەتوانێت بەباشترین شێوە سوود لە هەلی یاریکردن بۆ ریال مەدرید وەربگرێت، دەرگای رۆیشتنی بۆ دەکرێتەوە. تەنیا ئەو یاریزانانە دەمێننەوە کە دەتوانن ئاستێکی سەرسوڕهێنەر پێشکەش بکەن و ناوبانگی یانە شاهانەکە بپارێزن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە