رووداو دیجیتاڵ
ڤینیسیۆس جۆنیۆر، ئەستێرەی بەرازیلی دەیەوێت بڕیاری خۆی بدات سەبارەت بە داهاتووی لەگەڵ ریال مەدرید و هەڕەشەی جێهێشتنی یانەکە دەکات!.
یەکێک لە وەچەرخانە هەرە دیارەکانی مێژووی نوێی ریال مەدرید تایبەتە بە ڤینیسیۆس، لەو شوێنەی جاران ناوی وەک سروودێکی سەرکەوتن دەگووترایەوە، ئێستا دەنگی فیكەی ناڕەزایەتی گوێچکەکان دەتەقێنێت. هاندەرانی سانتیاگۆ بێرنابیۆ، لەبری ئەوەی ببنە یاریدەدەر، پەنجەی تۆمەتیان بۆ کوڕە بەرازیلییەکە راکێشا و وەک بەرپرسیاری یەکەمی قەیرانەکانی یانەکە وێنایان کرد.
بێرنابیۆ بووە جەهەننەم!
لە کاتی راگەیاندنی پێکهاتەی یانەی شاهانە بۆ یارییەکەی لیڤانتی، کاتێک ناوی ڤینی لە بڵندگۆکانەوە خوێندرایەوە، گەردەلوولێکی فیكە دەستیپێکرد؛ هێندە بەرزبوو کە تەنانەت دەنگی ناڕەزایەتییەکانی دژ بە جود بێلینگهامیشی ون کرد. ئەمە تەنیا فیکەیەک نەبوو، بەڵکو تیرێک بوو بۆ دڵی ئەستێرەیەک کە ساڵانێکە هەموو شتێک بۆ سپیپۆشەکان دەبەخشێت.
دیمەنێک کە دڵەکان دەهەژێنێت
پێش ئەوەی فیكەی دەسپێک لێبدرێت، کامێراکان دیمەنێکی جەرگبڕی ڤینی-یان گرت؛ لەسەر پلیکانەکانی رێڕەوی ژووری جلگۆڕین دانیشتبوو، رووخساری پڕبوو لە خەم و شکان، وەک ئەوەی هەموو خەمەکانی جیهانی لەسەر شان بێت. هاوڕێکانی هەوڵیان دەدا ورەی بەرز بکەنەوە و لەو تەنیاییە کوشندەیە دەریبهێنن، بەڵام دیاربوو برینەکە قووڵتر بوو لەوەی بە چەند وشەیەک سارێژ بێت.
بۆچی ڤینیسیۆس هەست بە ستەم دەکات؟
رۆژنامەی ئێل پێریۆدیکۆ دەڵێت "ڤینی تێنەدەگەیشت بۆچی هاندەران ئاوا رقیان لێیەتی؟ ئەو تەنیا یەکێک بوو لەو دوو یاریزانە سەرەکییەی کە لە جامی شای ئیسپانیا گەشتی کرد بۆ یارییەکەی ئەلباسێتی، لەکاتێکدا کۆرتوا، ئێمباپێ، بێلینگهام و رۆدریگۆ لە مەدرید پشوویان دەدا. ڤینی دەڵێت "من رامنەکرد و خۆم نەشاردووەتەوە، کەچی ئێستا من دەبێت باجەکەی بدەم!".
تەنانەت ئالڤارۆ ئاربێلوای راهێنەریش بەرگری لێکرد و گوتی "ڤینی ویستی لێرە بێت و هەموو خولەکێک یاری بکات بۆ یارمەتیدانی تیپەکە"، بەڵام وادیارە هاندەران نەیانویستووە ئەم راستییە بزانن.
تەقینەوەی گەورە؛ لێرە نامێنمەوە
ئازارەکە کاتێک گەیشتە لووتکە کە یارییەکە کۆتاییهات؛ ڤینی بەبێ ئەوەی سڵاو لە کەس بکات یان سەیری گۆڕەپانی یارییەکە بکاتەوە، بەخێرایی بەرەو ژووری جلگۆڕین رایکرد. سەرچاوە نزیکەکان بۆمبێکیان تەقاندەوە و ئاشکرایان کرد کە ڤینی بە دەوروبەرەکەی گوتووە "چیدی نامەوێت لە شوێنێک یاری بکەم کە هەست بکەم منیان ناوێت!"
ئەمە تەنیا تووڕەییەک نییە، بەڵکو ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ ئەوەی کە ئەگەری هەیە چیرۆکی پیاوە بەرازیلییەکە لەگەڵ مەدرید بەرەو کۆتاییەکی ناخۆش بڕوات.پرسیار ئەوەیە ئایا پێرێز دەتوانێت ئاوێکی سارد بەم ئاگرەدا بکات کە بێرنابیۆی گرتووەتەوە، یان ڤینیسیۆس جونیۆر دواوێستگەکانی لە قەڵای سپی بەڕێ دەکات؟.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ