دەستەوارەیەکی خەیاڵی بۆ ڤینیسیۆس ئامادەیە

29-07-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ڤینیسیۆس جۆنیۆر ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

دوای قەیرانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید، یانەی ئەهلی سعودی دەستەوارەیەکی خەیاڵی و پێوانەیی بۆ ڤینیسیۆس جۆنیۆری یاریزانی بەرازیلی ئامادە دەکات.
 
بەگوێرەی میدیای سعودی، یانەی ئەهلیی سعودی دەستەوارەیەکی پێوانەیی و گەورە ئامادە دەکات بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئەستێرەی بەرازیلی، ڤینیسیۆس جۆنیۆر، لە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانییەوە.
 
یانە سعودییەکە هەوڵ دەدات ئەم هەلە بقۆزێتەوە دوای شکستھێنانی دانوستاندنەکانی نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە لەگەڵ یانە شاهانەکە. 
 
ماوەی گرێبەستەکەی ڤینیسیۆس تاوەکو ساڵی 2027 لەگەڵ ریال مەدرید درێژەی هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا واژۆی لەسەر درێژکردنەوەکە نەکردووە، ئەمەش وای لە کارگێڕیی ریال مەدرید کردووە بیر لە فرۆشتنی یاریزانەکە بکاتەوە ئەگەر دەستەوارەیەکی دارایی گەورەی پێگەیشت.
 
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ، ئەو دەستەوارەی کە ئەهلی ئامادەی دەکات لەوانەیە بگاتە 350 ملیۆن یۆرۆ، کە ژمارەیەکە دەکرێت ریکۆردی پێوانەیی جیهانیی پێشووی گرێبەستەکەی نەیمار بشکێنێت، کاتێک بەرامبەر 222 ملیۆن یۆرۆ لە بارسێلۆناوە چووە پاریس سانجێرمان.
 
جگە لەوەش، گرێبەستێکی 5 ساڵە پێشکێش بە ڤینیسیۆس دەکرێت کە بەهاکەی نزیک دەبێتەوە لە یەک ملیار دۆلاری ئەمریکی، ئەمەش وایلێدەکات ببێتە یەکێک لەو یاریزانانەی کە بەرزترین مووچەیان هەیە لە مێژووی تۆپی پێدا.
 
ڤینیسیۆس لە ساڵی 2018ـەوە لەگەڵ ریال مەدرید یاری دەکات و ئاستێکی بەرچاوی پێشکێش کردووە، بە تۆمارکردنی 106 گۆڵ و دروستکردنی 38 ئەسیست لە 322 یارییدا. هەروەها لەگەڵیاندا چەندین نازناوی گەورەی بەدەستهێناوە، وەک لالیگا، جامی شای ئیسپانیا و خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا.
 
سەرەڕای خواستی راگەیێندراوی بۆ مانەوە، بەڵام سووربوونی لەسەر بەرزکردنەوەی مووچەکەی و رەتکردنەوەی داواکەی لەلایەن کارگێڕیی یانە ئیسپانییەکەوە، پەیوەندیی نێوانیانی خستووەتە قەیرانەوە و دەرگای بەڕووی دەستەوارەکانی گواستنەوەدا کردووەتەوە. ئەمەش وا دەکات هەفتەکانی داهاتوو بۆ داهاتووی ڤینی یەکلاکەرەوە بن؛ لە نێوان مانەوە لە ریال مەدرید یان رۆیشتن بۆ ئەهلی سعودی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە