بارسێلۆنا گەڕایەوە، ئیدی ریال مەدرید ئارام نابێت

18-03-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن لالیگا لالیگا، بارسێلۆنا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەبردنەوە لە ئاتلێتیکۆ مەدرید بەئەنجامێکی گەورە، بارسێلۆنا جیا لەوەی جارێکی دیکە باڵادەستبوونی خۆی بەسەر ئەو یانەیەی مەدریددا دووپاتکردەوە، گەڕانەوەی خۆیشی بۆ نێو ململانێکانی لالیگا دووپاتکردەوە.بردنەوەکەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، جارێکی دیکە بارسێلۆنای گێڕایەوە نێو کەشوهەوای رکابەرییەکانی لالیگا، لە کاتێکدا زۆر دەمێکبوو هاندەرانی ئەو یانەیە لە رکابەریکردن لەسەر نازناوەکە بێئومێدبووبوون. بارسێلۆنا نەک تەنیا لە لالیگادا، بەڵکو ئەم هەفتەیە بۆی، هەفتەیەکی مێژوویی و کاریگەربوو کاتێک لە چامپیۆنزلیگیشدا هەنگاوێکی گەورەی بڕی و خۆی گەیاندە قۆناخی هەشتی ئەو پاڵەوانێتییە پاش چەند ساڵێک دابڕان.
 
میدیای کەتەلۆنیا، بەرلەوانیش یاریزانانی بارسێلۆنا و چاڤی هێرناندێزی راهێنەریش، بەدڵخۆشییەوە پێشوازییان لە بردنەوەکەی بارسێلۆنا کرد، چونکە ئەو یانەیە پاشماوەیەکی زۆر لە مانەوە و گیرخواردن لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکەدا، لە کۆتاییدا توانی جیرۆنای دووەم تێپەڕێنێت لە ریزبەندییەکەدا و بەئارامی خۆی لە پلەی دووەمی خولەکەدا ببینێتەوە.
 
چاڤی سەرسامبوو بە یاریزانەکانی کاتێک وێڕای گوشارەکانی ئاتلێتیکۆ، بەرگەی دۆخەکەیان گرت و ئاراستەی یارییەکەیان هەڵگێڕایەوە و لە ئەنجامدا پێش رکابەرەکەیان کەوتن.
 
چاڤی دەڵێ، "ئەوەی ئەمڕۆ لە یارییەکەدا بەدڵم بوو، ئەوەبوو کە ئێمە لە ئەنجامدا پێشکەوتین، لە کاتێکدا ئەوان گوشاریان خستبووە سەرمان. پشتمان بەناردنی تۆپی درێژە بۆ لیڤاندۆڤسکی بەست و پلانەکە سەریگرت، هەروەها کارمانکرد بۆ هێرشبردن لە باڵەکانەوە، ئەمەش وایکرد هەلی گۆڵکردن بۆ یاریزانەکانمان بڕەخسێت، فیرمین لوپێز باش یارییکرد و رافینیا بۆشایی دۆزییەوە و جواو فیلێکسیش بەهەمان شێوە، لیڤاندۆڤسکیش زۆر باش یارییکرد".
 
لە کەتەلۆنیا، گەشبینی زاڵە بەسەر دۆخەکەدا، چاڤی ئەوە بەبیری هاندەرانی دەهێنێتەوە کە ئاتلێتیکۆ مەدرید لە وەرزی ئەمساڵدا یەکەمجارێتی لە یاریگەی خۆیدا دەدۆڕێنێت و ئەوەش جێگەی تێڕامانە.
 
چاڤی ئاستی تیپەکەی لە یارییەکەدا، بەباشترین لە وەرزی ئەمساڵدا ناوبرد، "پێموایە ئەمە باشترین یاریی وەرزی ئەمساڵی ئێمە بوو. ئاتلێتیکۆ ئەمساڵ لە یاریگەی خۆیدا نەدۆڕاوە و هەمیشەش کەم گۆڵی لێدەکرێت. ئێمە ئێستا دووەمی خولین و پێموایە ساتی خەون بینینمانە، لێمانگەڕێن خەون ببینین، ئەمە باشترین ساتی ئێمەیە لە وەرزەکەدا و لە کاتێکی زۆر هەستیاردا، من زۆر دڵخۆشم بەوە".
 
تاوەکو کۆتایی وەرز، بارسێلۆنا دەبێ لەپێناو پارێزگاری لە نازناوەکەی لالیگا هەوڵبدات، بەڵام هەوڵەکانی خۆی چەندە گرنگن، شکست و کەوتنی ریال مەدریدیش ئەوەندە، چونکە ئەوەی بارسا لە نازناوەکە نزیکدەخاتەوە، شکستی مەدریدە. وێڕای ئەو راستییانەش، راهێنەری بارسێلۆنا نایەوێت تیپەکەی بخاتە نێو گێژاوی چاوەڕوانی بۆ کەوتنی ریال مەدرید.
 
راهێنەری بارسێلۆنا لەو بارەیەوە دەڵێ، "بیر لە ریال مەدرید ناکەمەوە، بەڵکو بیر لەوە دەکەمەوە چێژ لە باشترین ساتەکانی خۆمان ببینین. من هاوڕام لەوەدا کە ریال مەدرید هەشت خاڵ لەپێش ئێمەوەیە، بەڵام ئێمە هێشتا یارییدەکەین، ئەرکمان قورسە، بەڵام هەوڵدەدەین، کاردەکەین بۆ ئەوەی سوود لە باشترین کاتی خۆمان لە وەرزەکەدا وەربگرین".
 
بارسێلۆنا لە هەفتەکانی داهاتوودا چاوەڕێی ژمارەیەک یاریی گرنگ و یەکلاکەرەوە دەکات و تێپەڕاندنی ئەو وێستگانە بەئاسانی، خەونەکەی بۆ گەیشتنەوە بەنازناوی لالیگا، بەزیندوویی دەهێڵنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە