ئەستێرەیەکی بارسێلۆنا سەرکردایەتی یاخیبوونێک لە دژی چاڤی دەکات

18-05-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن چاڤی هێرناندێز رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کێشەی چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا تا دێت گەورەتر دەبێت، کە جگە لە لاپۆرتا ناحەزانی دیکەشی بۆ پەیدابووە. هەندێک لە سەرچاوەکانی هەواڵ باس لەوە دەکەن کە لەنێو یاریزانانیشدا یاخیبوون لە دژی چاڤی دەستیپێکردووە.
 
لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا رووداوەکانی تایبەت بە بارسێلۆنا بەشێوەیەکی زۆر خێرا گۆڕانیان بەسەردا هات، و چاڤی بووە بە کەسێکی نەویستراو لەلایەن خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەکەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەواڵی دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی پێش کۆتاییهاتنی ئەم وەرزە بەشێوەیەکی بەرفراوان بڵاوبووەتەوە.
 
سەرچاوەکانی نزیک لە یانەکە، دەڵێن، کێشەکە قوڵتر بووە و ئەرکی چاڤی قورستر بووە، چونکە جگە لە لاپۆرتا و بەشێک لە ئەندامانی کارگێڕیی یانەکە، هەندێک لە یاریزانەکانیش دژی راهێنەرەکەیان یاخیبوونیان راگەیاندووە، لە سەرووشیانەوە رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی.
 
خوان لاپۆرتا کە بە بڕیارێکی تا راددەیەک یەکلایەنانە چاڤی هێشتەوە، ئەمجارە ئەویش چووە پاڵ دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی بارسا و هاندەرانی تیپەکە، کە هەمووان دژایەتی خۆیان بۆ مانەوەی ئەستێرەی پێشووی بلاوگرانا وەک راهێنەری تیپەکە دەربڕیبوو.
 
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە، پێشهاتە نوێیەکان دەریدەخەن کە هەندێک لە یاریزانەکان بەهەمانشێوە پشتیان لە چاڤی کردووە.
 
وەک ئەو سەرچاوەیە باسی دەکات، هەندێک لە یاریزانانی بارسا هەستی بێزارییان دەربڕیوە بەرامبەر بەو مامەڵەیەی چاڤی هێرناندێز لەم ماوەیەی دواییدا لەگەڵیاندا دەکات، هەروەها هەندێکیان پێشوازی لە مانەوەی وەک راهێنەری یانەکە لە وەرزی داهاتوودا ناکەن، بەتایبەتیش رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، ئەستێرەی پۆڵەندی، کە چاڤی دەرگای دەرچوونی بۆ کردووەتەوە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا.
 
پێشتر چاڤی رایگەیاندبوو کە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا لە بارسێلۆنا دەڕوات، بەڵام لە کۆتایی مانگی رابردوودا دوای کۆبوونەوەیەک لە ماڵی خوان لاپۆرتا، چاڤی لە بڕیاری رۆیشتن پاشگەزبووەوە، بەڵام دۆخەکە پێچەوانە بووەوە لە پەیوەندی نێوان راهێنەرەکە و سەرۆکی یانەکەیدا، دوای ئەوەی چاڤی رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "دۆخی ئابووری یانەکە خراپترینە لە 25 ساڵی رابردوودا. تیپەکەشیان پێویستی بە چەندین گرێبەستی نوێ هەیە بۆ ئەوەی بتوانن رکابەری لەسەر نازناوەکان بکەن".
 
هەواڵەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە کە پەیوەندی نێوان چاڤی و لاپۆرتا لە چەند رۆژی رابردوودا زۆر خراپە و گرژی و ئاڵۆزییکی زۆر لە نێوانیاندا هەیە. تەنانەت هەندێک لە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە سبەی دوایین یاریی چاڤی دەبێت وەک راهێنەری بارسێلۆنا کاتێک لەسەر یاریگەی خۆیدا رووبەڕووی رایۆ ڤاییکانۆ دەبێتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە