لە نێوماڵی بارسادا هەرایە

04-05-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن چاڤی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەر لە یارییە گرنگ و یەکلاییکەرەوەکەی نێوان بارسێلۆنا و جیرۆنا، لێدوانێکی چاڤی هێرناندێزی راهێنەری بارسا کێشە دروست دەکات و نزیکەکانی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکیی یاریزانی پۆڵەندی تووڕە دەکات.
 
ئەوانەی نزیکن لە رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، هێرشبەری یانەی بارسێلۆنا، وەڵامی ئەو لێدوانەیان دایەوە کە چاڤی هێرناندێزی راهێنەری یانەی بارسێلۆنا سەبارەت بە لیڤا داویەتی.
 
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەی بارسێلۆنا بەرامبەر جیرۆنا، سەبارەت بە داهاتووی لیڤاندۆڤسکی پرسیار لە چاڤی کرا؟ ئەویش لە وەڵامدا گوتی "لە کۆتایی وەرزدا بڕیار دەدەین"، ئەمەش مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی، کەسانی نزیک لە لیڤاندۆڤسکی لە وەڵامی دەنگۆی رۆیشتنی هێرشبەرە پۆڵەندییەکە لە بارسێلۆنا و لێدوانەکەی چاڤی، گوتوویانە "ئەمە قسەی بێمانایە".
 
رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا تاوەکو هاوینی 2026ـە، بژاردەی درێژکردنەوەی بۆ وەرزێکی دیکەش هەیە.
 
لەم وەرزەدا هێرشبەرە پۆڵەندییەکە بەشداری لە 44 یارییدا لەگەڵ بارسێلۆنا لە خول و پاڵەوانێتییە جیاوازەکاندا کردووە، 23 گۆڵی تۆمارکردووە و 9 ئەسیستیشی هەیە.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئیسپانیا، پێشتر رایانگەیاندبوو کە لیڤاندۆڤسکی لەم دواییانەدا دەستەوارەیەکی گەورەی یانەیەکی خولی سعودی رەتکردووەتەوە، بەهۆی ویستی بۆ بەردەوامبوون لە پۆشینی درێسی بارسێلۆنا.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، قسەکانی چاڤی مشتومڕێکی گەورەیان لەسەر داهاتووی لیڤاندۆڤسکی دروستکردووە، هەروەها سەرنجەکانیشی لەسەر یارییە گرنگەکەی نێوان بارسیلۆنا و جیرۆنا بردووە، کە یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ دیاریکردنی خاوەنی پلەی دووەم لە لالیگا و بەدەستهێنانی بلیتی بەشداریکردن لە جامی سوپەری ئیسپانیا.
 
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردووە، چاڤی رێگەیەکی سەرکەوتووی هەڵبژاردووە بۆ قسەکردن لەسەر داهاتووی هەموو یاریزانەکانی، جگە لە لیڤاندۆڤسکی.
 
چاڤی لەو بارەیەوە دووپاتیکردەوە کە بەنیازی ئەوە نەبووە مشتومڕ لەسەر داهاتووی لیڤا دروست بکات، بەڵام هەڵەیەکی زارەکی بووە و لەبری ئەوەی بڵێت لە کۆتایی وەرزدا بڕیار دەدرێت، گوتی لە کۆتایی وەرزدا بڕیار دەدەین.
 
نزیکەکانی لیڤاندۆڤسکی پێیانوایە هەڵەی زارەکیی چاڤی بەو مانایەیە کە ستافی تەکنیکی داهاتووی لیڤا دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوە، و لە کۆتایی وەرزدا دیاریی دەکات، بەبێ گوێدانە خواستی یاریزانەکە.
 
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی لەو بارەیەوە، رایگەیاند کە ئەگەر هەیە قسەکانی چاڤی دەرگای دەستەوارە نوێیەکانی سعودیە بۆ هێرشبەرە پۆڵەندییەکە بکەنەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە