ئەمڕۆی پرێمەرلیگ سەرنجڕاکێش و جیاواز دەبێت

18-10-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن پرێمەرلیگ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی چێڵسی دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات و زیاتر لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی پرێمەرلیگ نزیک ببێتەوە، کاتێک لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەبێتە میوانی یانەی نۆتینگهام فۆرێست.
 
یارییەکە دەستپێکی رکابەرییەکانی گەڕی هەشتەمی خولەکە دەبێت و لە یاریگەی سیتی گراوند بەڕێوەدەچێت.
 
یانەی نۆتینگهام فۆرێست لە دۆخێکی خراپدایە و لە 7 یاریی رابردوودا تەنیا یەک بردنەوەی هەیە و لە چوار یارییدا دۆڕاوە، میدیای بەریتانیا دەڵێت "لە ئەگەری دۆڕانی لە یارییەکەی ئەمڕۆدا، بە ئەگەری زۆرەوە یانەکە دەستبەرداری ئانج پۆستیگۆکلۆی راهێنەری یانەکە دەبێت."
 
یانەی چێڵسی بەر لەوەی خولەکە بوەستێت لە یارییەکی سەرنجڕاکێشدا لە لیڤەرپوولی بردەوە و دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات و ژمارەی خاڵەکانی زیاتر بکات، لەکاتێکدا ئێستا بە 11 خاڵ لە پلەی حەوتەمی ریزبەندی خولەکەیە.
 
کۆڵ پاڵمەر، لیام دێلاپ، بێنۆیت بادیاشیلی و لێڤی کۆلویڵ بەهۆی پێکانەوە لە ریزەکانی یانەی چێڵسی بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن.
 
یانەی مانچێستەر سیتی دەیەوێت سێیەم بردنەوەی لەسەریەک لە پرێمەرلیگدا تۆماربکات و هەنگاوی زیاتر لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە نزیکببێتەوە، کاتێک لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر ئێڤێرتۆن یاری دەکات.
 
لە درێژەی یارییەکانی گەڕی هەشتی خولەکەدا، لە یاریگەی ئیتیحاد، مانچێستەر سیتی میوانداریی ئێڤێرتۆن دەکات بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی سێ خاڵی دیکە و بەدەستهێنانی سێیەم سەرکەوتنی لەسەریەک.
 
مانچێستەر سیتی لە دوو یاریی رابردوودا لە بێرنلی و برێنتفۆردی بردووەتەوە و چاوی لە بردنەوەیەکی دیکەیە، رۆدری هێرناندێز بۆ یارییەکە ئامادەنییە، عەبدوقودیر خۆسانۆڤ بەهۆی پێکانەوە یاری ناکات، عومەر مەرمووش و رەیان ئایت نۆری گەڕاونەتەوە دوو رۆژە لەسەریەک راهێنان دەکەن و ئامادەن.
 
ئێستا جاک گرێلیش لە ئێڤێرتۆن یاری دەکات و یەکێکە لە یاریزانە سەرەکییەکانی ئەو یانەیە، بەڵام بەهۆی یاسای گواستنەوەی یاریزانان بەخواستن، ناتوانێت بەرامبەر مانچێستەر سیتی یاری بکات.
 
لە 17 یاریی رابردووی نێوان هەردوو یانە لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا، مانچێستەر سیتی هیچ یارییەکی بەرامبەر ئێڤێرتۆن نەدۆڕاندووە، دوایین دۆڕانی یانەکە لە وەرزی 2016-2017 بوو کاتێک ئێڤێرتۆن 4-0 یارییەکەی بردەوە.
 
یانەی ئارسیناڵ دەیەوێت پارێزگاری لە پێشەنگی ریزبەندی پرێمەرلیگ بکات، کاتێک لە دوایین یاریی ئەمرۆدا لە رکابەرییەکانی گەڕی هەشتی پرێمەرلیگدا رووبەڕووی یانەی فولهام دەبێتەوە.
 
یارییەکە دێربییەکی لەندەنە و لە یاریگەی فولهام بەڕێوەدەچێت، خاوەن یاریگە لە 7 یاریی رابردوودا دوو بردنەوە، دوو یەکسانبوون و سێ دۆڕانی هەیە و لە پلەی چواردەیەمی ریزبەندی خولەکەیە.
 
ئارسیناڵ تەنیا یەک یاریی دۆڕاندووە، بە پێنج بردنەوە و یەکسانبوونێک 16 خاڵی کۆکردووەتەوە و لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکەیە، تیپەکە دەیەوێت لە دەرەوەی یاریگەی خۆی درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات و پارێزگاری لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکە بکات.
 
مارتن ئۆدیگارد، کای هاڤێرتز و گابریێل جیسوس بەهۆی پێکانەوە بۆ یارییەکە ئامادەنین، نونی مادویکی گەڕاوەتەوە و بۆ یارییەکە ئامادەیە.
 
لە دوایین دوو سەردانیدا بۆ یاریگەی کراڤێن کۆتچ یانەی ئارسیناڵ سەرکەوتنی بەدەستنەهێناوە و نایەوێت ئەمجارەش بەبێ بردنەوەی سێ خاڵ لە یاریگە بچێتە دەرەوە، بەتایبەت جیاوازییەکەیان لەگەڵ لیڤەرپوولی دووەم تەنیا یەک خاڵە سێ خاڵ لە پلەی پێنجەمی ریزبەندیشەوە دوورە.





 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە