یاریزانێکی بارسێلۆنا و هاوژینەکەی بە فیشەک کوژران

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ماریۆ پینێدا یانەی بارسێلۆنای ئیکوادۆری
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یاریزانێکی یانەی بارسێلۆنای ئیکوادۆری و هاوژینەکەی کوژران و دایکیشی بردیندارە، دوای ئەوەی لەلایەن دوو کەسەوە دەسترێژیی گولـلەیان لێکرا.
 
تۆپی پێی ئەمریکای باشوور لە دۆخێکی ماتەمینیدایە، دوای کوژرانی بەرگریکاری چەپی ئیکوادۆری، ماریۆ پینێدا، یاریزانی پێشووی یانەی فلۆمینێنسی بەرازیلی و ئێستای بارسێلۆنای ئیکوادۆری، لە تەمەنی 33 ساڵیدا.
 
ئێوارەی چوارشەممەی رابردوو، دوای ئەوەی لە شاری گوایاکیل رووبەڕووی هێرشێکی چەکداری بووەوە، ماریۆ پینێدا و هاوژینەکەی گیانیان لەدەستدا و دایکیشی بەسەختی بریندارە،
 
بەپێی ئەوەی میدیاکانی ئیکوادۆر بڵاویان کردووەتەوە، پۆلیسی ناوخۆیی رایگەیاندووە کە هێرشەکە لەلایەن دوو کەسەوە ئەنجامدراوە کە سواری ماتۆڕسکیل بوون و راستەوخۆ تەقەیان کردووە.
 
پینێدا لە ساڵی 2022 بە درێسی فلومینێنسەوە یاری کردووە و لەگەڵیدا نازناوی پاڵەوانێتی کاریۆکای بەدەستهێناوە، هەروەها یاری بۆ یانەکانی ئیندیپێندێنتی دێل ڤالی، ئێل ناسیۆناڵ و بارسێلۆنا سپۆرتینگ کڵەب کردووە، کە لەم ماوەیەی ئێستا یاری بۆ ئەمەی دوایی دەکرد.
 
پینێدا پێشتر یاری بۆ هەڵبژاردەی ئیکوادۆری کردووە لە مۆندیالەکانی 2018 و 2022.
 
یانەی بارسێلۆنا سپۆرتینگ کڵەب،  لەڕێگەی پلاتفۆرمی ئێکسەوە بەیاننامەیەکی بڵاویکردەوە، یانەکە بە خەمێکی قوڵەوە رایگەیاند کە ئاگادارکردنەوەی فەرمییان پێگەیشتووە بە گیانلەدەستدانی یاریزانەکەیان ماریۆ پینێدا، بەهۆی ئەوەی رووبەڕووی هێرشێک بووەتەوە لە شاری گوایاکیل.
 
وەزارەتی ناوخۆی ئیکوادۆر گیانلەدەستدانی پینێدای پشتڕاستکردەوە، و ئاماژەی بەوەکرد کە یەکەیەکی تایبەتی پۆلیسی راسپاردووە بۆ گرتنە ئەستۆی لێکۆڵینەوە لە دۆسێیەکە.
 
لە مانگی ئەیلوولی رابردوودا، سێ یاریزانی خولی پلە دووی ئیکوادۆر کوژران، لەگەڵ گومانی هەبوونی پەیوەندی یەکێکیان بە دۆسێیەی گرەوکردنی وەرزشییەوە. مانگێک دوای ئەوە، یاریزانی تۆپی پێی ناوخۆیی برایان ئەنگۆلا بەهۆی تەقە لێکردنەوە بریندار بوو.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە