فلیک، ئاتلێتیکۆ مەدرید بەهۆکاری گۆڕانی گەورەی بارسێلۆنا دادەنێت

19-05-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی بارسێلۆنا هانزی فلیک
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا دڵخۆشیی خۆی بەبەدەستهێنانی نازناوی لالیگای ئەمساڵ دەربڕی، ئەگەرچی تیپەکەی 2 - 3 گۆڵ بەرامبەر ڤیاریال دۆڕا. ئەو دووپاتیکردەوە وەرزی یاریزانەکانی، ناوازە بوو.
 
بارسێلۆنا لە گەڕی پێشکۆتایی لالیگا، میوانداریی ڤیاریالی کردبوو، بەر لە یارییەکە یانە کەتەلۆنییەکە نازناوی لالیگای بەدەستهێنابوو، هەربۆیە ئەنجامی یارییەکە هیچ گۆڕانکارییەکی لەسەر دۆخی بارسا دروستنەدەکرد.
 
بارسێلۆنا سیانەی نێوخۆیی، لالیگا، جامی شا و سوپەری ئیسپانیای لە وەرزی ئەمساڵدا بردەوە و رۆژی پێشتر لەسەر شەقامەکانی بارسێلۆنا، لەگەڵ هاندەرەکانی ئاهەنگی گێڕا.
 
دوای شکستەکە بەرامبەر ڤیاریال، راهێنەری بارسێلۆنا دەڵێ، "ئەوەی یاریزانەکانم پێشکێشیانکرد ناوازە بوو، ئەوان شایستەی دڵخۆشبوونن. سەرکەوتووبوون لە بەدەستهێنانی ریتم لەگەڵ بەرەوپێشچوونی خولەکەدا، ئەمە زۆر دڵخۆشی کردم".
 
ئەو دەڵێ، "دەزانم کە توانای نایابمان هەیە، دەتوانین باشتر ببین، ئەمە عەقڵیەتی ئێمەیە و ئەمەش هەڵوێستمانە".
 
راهێنەرە ئەڵمانییەکە کە هاوینی رابردوو سەرپەرشتیکردنی تیپەکەی وەرگرتووە، هەروەها دەڵێ، "کاتێک هاتمە یانەکە توانای گەورەی تیپەکەم بینی، نەک تەنیا لە رووی هونەرییەوە، بەڵکو لەرووی مرۆییشەوە".
 
بارسێلۆنا لەسەرەتای وەرزدا، ئاستێکی ناجێگیری هەبوو. تیپەکە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2024دا دووچاری زنجیرەیەک ئەنجامی خراپ بوو، ئەوەش وایکرد بەژمارەیەکی بەرچاوی خاڵ بکەوێتە پاش ریال مەدرید و ئاتلێتیکۆ مەدریدی رکابەرانی، بەرلەوەی یانە کەتەلۆنییەکە هەڵبستێتەوە و پێش ریال مەدرید بکەوێتەوە.
 
راهێنەری بارسێلۆنا دەڵێ، "وێڕای ئەو ئەنجامە خراپانە، من هەموو کات متمانەم هەبوو. لە هەموو یەکەیەکی مەشقدا ویستی یاریزانەکانم دەبینی بۆ گەشەکردن و جەنگان لەپێناو تێپەڕاندنی زەحمەتییەکان".
 
فلیک یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی بەخاڵی وەرچەرخانی وەرزەکە بۆ تیپەکەی ناوبردووە، ئەو دەڵێ، شکستمان بەرامبەر ئاتلێتیکۆ 1 - 2 گۆڵ، خاڵی وەرچەرخان بوو، "ئەوکات داوام لە یاریزانەکانم کرد ئارام بن، لەبەرئەوەی ئێمە وێڕای شکستەکەمنا، بەباشی یارییمانکرد و پابەندبووین بەستایلی خۆمانەوە".
 
بارسێلۆنا جیا لە نازناوە نێوخۆییەکان، لە چامپیۆنزلیگیش هەنگاوی باشی بڕی و لە قۆناخی پێشکۆتایی ئەو پاڵەوانێتییەکە، لە دوو یاریی دراماتیکیدا لەسەردەستی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی دەرکرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە