رووداو دیجیتاڵ
دوای 10 ساڵ راهێنەرایەتیکردنی یانەی مانچێستەر سیتی، بە ئەگەری زۆرەوە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو، پێپ گواردیۆلا، دوایین یاریی وەکو راهێنەری ئەو یانەیە ئەنجامدەدات و لاپەرە مێژووییەکەی لەگەڵ یانە ئینگلیزییەکە دادەخات.
بەپێی زۆرینەی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، گواردیۆلا بڕیاری خۆیداوە و رۆژی یەکشەممە دوای یارییەکەی بەرامبەر ئاستۆن ڤیلا، کە دوایین یارییان دەبێت لە پرێمەرلیگدا ماڵئاوایی لە یانەکە و هاندەرانی دەکات.
چەند رۆژێک لەمەوبەر، ڤیدیۆیەکی دزەپێکراو لە یاریگای ئیتیحاد بڵاوبووەوە، کە لەنێو یاریگای یانەکە هەموو دەستکەوتەکانی دانرابوون و تیمی راگەیاندنی مانچێستەر سیتی سەرقاڵی تۆمارکردنی ڤیدیۆیەک بوون، ئەو ڤیدیۆیە بەخێراییەکی زۆر بڵاوبووەوە و وەکو ئامادەکاری بۆ ماڵئاواییکردنی گواردیۆلا لێکدرایەوە.
زۆرینەی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن، هەموو شتێک کۆتاییهاتووە، ئێنزۆ مارێسکا، راهێنەری پێشووی یانەی چێڵسی و یاریدەدەری پێشووی پێپ گواردیۆلا راهێنەری داهاتووی مانچێستەر سیتی دەبێت.
مارێسکا جگە لەوەی یاریدەدەری گواردیۆلا بووە، پێشتر لە ساڵی 2021 راهێنەری تیپی لاوانی ئەو یانەیە بوو و نازناوی پرێمەرلیگی لاوانی بۆ ستیزنز بردەوە.
هەرچەند گواردیۆلا بڕیاربوو دوای یارییەکەی بەرامبەر ئاستۆن ڤیلا، بڕیاری وازهێنانی لە راهێنەرایەتیکردنی مانچێستەر سیتی رابگەیێنێت، بەڵام بابەتەکە گەیشتە میدیا و بەخێراییەکی زۆر بڵاوبووەوە.
پێپ گواردیۆلا، لە ساڵی 2016ـەوە راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتییە، ئەو راهێنەرە مێژووییەکی گەورەی لەگەڵ یانە ئینگلیزییەکە تۆمارکرد، لە کاروانی راهێنەرایەتیکردنیدا 20 نازناوی جیاوازی بەدەستهێناوە، دیارترینیان نازناوێکی چامپیۆنزلیگ و شەش نازناوی پرێمەرلیگی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ