رووداو دیجیتاڵ
یانەی برایەتی بەشدار لە خولی نایابی کوردستان وەرزی رابردوو بە قەیرانیکی قورسی داراییدا تێپەڕی، یاریزانیکی یانەکە بۆ رووداو ئاشکرای کرد "هێشتا مووچەی سێ مانگی وەرزی رابردوومان وەرنەگرتووە و دیاریش نییە کەی وەریدەگرین".
یانەی برایەتی، وەرزی رابردوو بەسەرکردایەتی راهێنەر یونس سلێمان لە نیوەی دووەمی خولی نایابی کوردستان ئاستێکی نموونەیی پێشکێش کرد و تاوەکو پلەی چوارەم رۆیشتن، بەڵام دواتر کێشە داراییەکان تەنگیان بە یانەکە هەڵچنی و یاریزانەکان مووچەی سێ مانگیان وەرنەگرت، هەر بۆیە یاریزانەکان لە دوو یاریی یانەکەیان بەشدارییان نەکرد و یانەکە نزیکبوو لە دابەزین بۆ خولی پلە یەکەکانی کوردستان، بەڵام لە دوا دوو یاریی تیپەکە، مانەوەی خۆی لە خولەکە مسۆگەرکرد.
رووداو سپۆرتس، بەدواداچوونی بۆ ئەم بابەتە کردووە و چەند یاریزانێکی ئەو یانەیە کە پێیان باش نەبوو ناویان ئاشکرا بکرێت، بە رووداو سپۆرتسیان گوت "ئێمە لە 2025 تەنیا یەک مووچەمان وەرگرتووە، سێ مووچەمان لەلای یانەکەیە، بەڕاستی بڕیارمان داوە تاوەکو مووچە وەرنەگرین ناگەڕێینەوە یانەکە".
هەروەها گوتیان "ئەگەر بێتو کێشە داراییەکانمان نەبووایە دڵنیاین ئاستمان باشتر دەبوو و لە تۆپ شەشی یانەکانی خولی نایابی کوردستاندا دەبووین".
ئەو یاریزانانە هەروەها گوتیان "بەڵینمان پێدراوە لە ماوەی سێ هەفتەدا تەواوی مووچەکانمان لە یانەکە وەربگرین، ئێمەش چاوەڕێ دەکەین بزانین کەی مافەکانی خۆمان وەردەگرین".
یانەی برایەتی وەرزی رابردوو لەکۆی 28 یارییدا، خاوەنی 10 بردنەوە و حەوت یەکسانبوون و 11 دۆڕان بوو، بە 38 خاڵ لە پلەی 10ـەم کۆتایی بە وەرزەکە هێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ