ڤیدیۆ؛ ئەنچێلۆتی: بەربژێرنەکردنی ڤینیسیۆس بۆ خەڵاتی باشترینی ئەوروپا سوپرایز نەبوو

19-08-2023
ئیحسان تاهیر
Photo by PIERRE-PHILIPPE MARCOU / AFP
Photo by PIERRE-PHILIPPE MARCOU / AFP
نیشانەکردن کارلۆ ئەنچێلۆتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، رایگەیاند کە کێپا گۆڵپارێزێکی زۆر باشە و لەنێو گۆڵدا خاوەن کەسایەتییەکی بەهێزە. گوتیشی "بەربژێرنەکردنی ڤینیسیۆس بۆ خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەوروپا سەرسامم ناکات"، هەروەها کارلیتۆ پێیوایە سعودییەکان مافی خۆیان هەوڵ بدەن بۆ بەهێزکردنی خولەکەیان.

  

کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەیان بەرامبەر ئەلمێریا، وەڵامی چەند پرسیارێکی دایەوە و باسی یاریزانەکانی و رەوشی تیپەکەی کرد.
 
ئەنچێلۆتی سەرەتا باسی کێپای گۆڵپارێزی نوێی یانەکەیانی کرد و گوتی "کێپا زۆر بەباشی خۆی دەگونجێنێت. لە هەفتەی یەکەمدا لەگەڵ هاوڕێکانیدا ئەوەی نیشاندا کە پێشتر دەیزانین. کوالیتیەکی زۆر، کەسایەتیەکی بەهێز لەنێو گۆڵدا. بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەو راستییەی کە هێشتا لە قۆناخی خۆگونجاندندایە، ئەم یارییە لونین یاری دەکات، کە بەرامبەر بیلباو ئاستێکی باشی پێشکێشکرد. لە چەند یاری داهاتوودا دەبینین چی دەکەین".
 
سەبارەت بەوەی ڤینیسیۆس جۆنیۆر وەک بەربژێر دیاری نەکراوە بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەوروپا؟ راهێنەری ریال مەدرید گوتی "بە بۆچوونی من ئێستا ڤینیسیۆس یەکێکە لە باشترینەکان، ئەگەر باشترینیش نەبێت،  هەموو هاندەرێکی ریال مەدرید بەمشێوەیە بیر دەکاتەوە، ئەوە بۆ ڤینیسیۆس بەسە، پێویست ناکات بەدوای هیچ پاڵنەرێکی دیکەدا بگەڕێت، ئەو یاریزانێکی گەورەیە، زۆر پاڵنەری هەیە و پێموایە ئەو دەیسەلمێنێت. بۆیە نەخێر، هیچ شتێک سەرسامم ناکات، هیچ شتێک لە تۆپی پێدا ناتوانێت سەرسامم بکات".
 
کارلیتۆ لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا سەبارەت بە چوونی یاریزانان بۆ خولی سعودیە، گوتی "وڵاتانی عەرەبی پارەیەکی زۆر بۆ خولەکانیان خەرج دەکەن بۆ باشترکردنیان و مافی خۆیانە ئەو کارە بکەن، بە مەرجێک بەپێی یاساکانی یاریی دارایی خاوێن بێت. بۆیە ئەگەر ئەو کارە بکەن، واتا یاسای یاریی دارایی خاوێن کاردەکات".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە