رووداو دیجیتاڵ
بەبێ نەیمار داسیلڤا و لە پارک دی پرێنس، یانەی پاریس سانجێرمان دەچێتە نێو رکابەرییەکانی گەڕی سێیەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، کاتێک بەرامبەر یانەی لایپزیگی ئەڵمانی یارییدەکات.
پاریس سانجێرمان دوای بردنەوەی یاریی رابردووی خولی فەرەنسا، لەبەردەم ئەرکێکی قورسدایە، بۆ تۆمارکردنی دووەم بردنەوە و پارێزگاریکردن لە پێشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەی یەکەم.
بۆ ئەم یارییە بەهۆی پێکانەوە نەیمار یاریی ناکات، ماورۆ ئیکاردی بەهۆی کێشە تاکەکەسییەکانی زەحمەتە یاریی بکات، کەیلۆر ناڤاس بەپێی قسەی پۆچێتینۆ ئامادەیە، بەڵام دیارنییە کە یاریی دەکات یان نا.
دوای ئەوەی لە یاریی رابردووی خولی فەرەنسادا بەشداریی نەکرد، لیۆنێل مێسی بەتەواوی بۆ یارییەکە ئامادەیە و هاندەران چاوەڕێی ئەوەن لیۆ بەهەمان ئاستەوە ببینن کە بەرامبەر مان سیتی پێشکێشیکرد و هاوکاریی یانەکە بکات بۆ بردنەوەیەکی دیکە، بەڵام ئەرکی پاریسییەکان ئاسان نابێت، لەکاتێکدا لایپزیگ لە دوو یاریی رابردوودا دۆڕاوە و دۆڕانیان لەم یارییەدا ئەوان بەتەواوی بێهیوا دەکات، بۆیە یانە ئەڵمانییەکە هەموو هەوڵێک دەدات بە ئەنجامێکی باشەوە لە پاریس بچێتە دەرەوە بۆ پارێزگاریکردن لە هیواکانی و مانەوە لە رکابەریدا.
یانەی مانچێستەر سیتی لە ئێوارەیەکی زوودا و لە بەلجیکا بەرامبەر یانەی کلەب برووج یارییدەکات، ئەو یانەیەی بەرامبەر پاریس سانجێرمان ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد و لە لایپزیگیشی بردەوە.
مان سیتی و کلەب برووج، یەکەمجارە لە مێژوودا رووبەڕووی یەکدەبنەوە، هیچ ئەزموونێکی بەرامبەر یەکدیان نییە، گواردیۆلا لە یاریی رابردووی پرێمەرلیگدا لە تواناکانی ئیدێرسۆن مۆرایێش و گابریێل جیسۆس بێبەشبوو، بەڵام بۆ ئەم یارییە ئامادەن و دەتوانێت سوودیان لێ وەربگرێت، بۆ ئەوەی کۆتایی بە سەرکێشییەکانی یانە بەلجیکییەکە بهێنێت.
لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی دووەمدا و لە یاریی لووتکەی ئەم گەڕەی چامپیۆنزلیگدا، واندا میترۆ پۆلیتانۆ لە مەدرید یەکێک لە بەهێزترین و سەرنجڕاکێشترین یارییەکان بەخۆیەوە دەبینێت، کاتێک ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی میوانداری لیڤەرپوولی ئینگلیزی دەکات.
رۆخی بلانکۆس بەرامبەر رێدز بیرەوەریی جوان و مێژوویەکی باشی هەیە، لە دوایین سێ یارییدا لە یانە ئینگلیزییەکەی بردووەتەوە و ساڵی 2020، لەنێو ئانفێڵد لیڤەرپوولی لە قۆناخی 16 کردە دەرەوە، بۆ ئەم یارییەش بەهەمان ورەوە سیمیۆنی ئامادەیە، بەڵام لیڤەرپوول هەمیشە تیپێکی بەهێز و مەترسیدار بووە، ئێستاش بەسەرکردایەتی محەممەد سەڵاح، کە هەمووانی توقاندووە بەهێزترە و رکابەرەکانیشی هزرێکی زیاتری بۆ دەکەن.
لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا لیڤەرپوول لە دوو یاریی رابردوودا بردنەوەی تۆمارکردووە و پێشەنگی کۆمەڵەکەیە، ئاتلێتیکۆ بردنەوەیەک و یەکسانبوونێکی هەیە و لە پلەی دووەمە، بۆیەش رکابەری هەردوو یانە بۆ گرتنی پێشەنگ دەگاتە لووتکە.
یارییەکەی دیکەی ئەم کۆمەڵەیە، بۆ میلان یاریی گەڕاندنەوەی هیوا دەبێت، کاتێک لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر پۆرتۆی پۆرتوگالی یارییدەکات.
میلان هەردوو یاریی رابردووی دۆڕاندووە، پۆرتۆش لە یارییەکدا یەکسانبووە و یارییەکیشی دۆڕاندووە، رۆسۆنێری سەرەڕای ئەوەی بەرامبەر لیڤەرپوول و ئاتلێتیکۆ مەدرید باش یارییکرد، بەڵام هێشتا خاڵی نییە، بۆیەش ئەمشەو لۆمباردییەکان لەبەردەم هەلی گەڕاندنەوەی هیوا دەبن، بەتایبەتیش کە ئیبراهیمۆڤیچیش ئامادەیە بۆ ئەوەی هاوکاریی تیپەکە بکات، لێ پۆرتۆش لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بە ئاسانی دەستبەرداری یارییەکە نابێت، بۆیە یەکلاکردنەوەی ئەم سێ خاڵە ماندووبوون و زەحمەتی زۆری لە دوایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ