رووداو دیجیتاڵ
دکتۆر عەبدوڵڵا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک، بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند، کەمپی مەشقی لە دەرەوە ناکەینەوە، چونکە پیرماممان پێ گونجاوتر بوو. هەروەها رەتیکردەوە یانەکەی بەفەرمی داوای مستەفا قابیلی یاریزانی یانەی هەولێری کردبێت.
سەرۆکی یانەی دهۆک میوانی بوولتەنی وەرزشیی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، و وەڵامی چەندین پرسیاری تایبەت بە رەوشی یانەکەی بادینان و ئامادەکارییەکانی بۆ وەرزی نوێ وەڵام دایەوە.
عەبدوڵڵا جەلال، سەرەتا باسی کەمپی مەشقیی یانەکەی کرد، کە لە پیرمام دەستیپێکردووە و بڕیارە 12 رۆژ بخایەنێت و گوتی "پێویست نییە کەمپی مەشقی لە وڵاتانی دەرەوە ئەنجام بدەی، چونکە کەمپی مەشقی بۆ پشوودان نییە، دەبێت لە شوێنێک بکەی کە گونجاوترین بێت بۆ تیپەکە، بۆیە پیرمام گونجاوترین بوو بۆ ئەنجامدانی کەمپەکە".
ئەو دووپاتیکردەوە کە پێویستە چەند یارییەکی بەهێزی دۆستانە ئەنجام بدەن و جەختی لەوە کردەوە کە لە پلانیاندایە چوار یاریی دۆستانە ئەنجام بدەن.
کاپتن عەبدوڵڵا باسی ئەوەی بۆ سامان وڵاتژێری، پێشکەشکاری بوولتەنی وەرزشیی رووداو کرد، کە چەند یاریزانێکیان رۆیشتووە، بەڵام سەرقاڵی دروستکردنی تیپێکی بەهێزن بۆ وەرزی داهاتوو و گوتی "تیپێکی باشترمان بۆ ئەمساڵ ئامادە کردووە".
سەرۆکی یانەی دهۆک، لە رێگەی رووداوەوە مژدەی ئەوەی بە هاندەرانی یانەکەی دا کە لەم رۆژانەدا یاریزانێکی پیشەگەری بەتوانا دەبێتە یاریزانی یانەی دهۆک و گوتی "لەم رۆژانەدا یاریزانێکی پیشەگەر دەگاتە دهۆک، یاریزانێکە لە بەرگری و ناوەڕاست و هێڵی هێرشبردن یاری دەکات".
ئەو بەڵێنیشی بە هاندەرانی دهۆک دا کە تاوەکو 20ـی9ـی2025 سێ یاریزانی پیشەگەر بێنێتە ریزەکانی یانەکەیان، یەکێکیان بەرگریکارە و یەکێک لە هێڵی ناوەڕاست ایری دەکاتو یەکێکیشیان هێرشبەرە.
سەبارەت بە بەشداری پێنەکردنی یانەکەیان لە چامپیۆنزلیگ دووی ئاسیا، سەرۆکی یانەی دهۆک دووپاتیکردەوە کە هیچ بیانوویەک نەبوو بۆ بەشداری پێنەکردنی یانەی دهۆک لە چامپیۆنزلیگی ئاسیا و گوتی "یانەی دهۆک بەهۆی کەمتەرخەمی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق لە چامپیۆنزلیگ بێبەشکرا".
ئەو زیاتر گوتی "بەداخەوە بێسەروبەرییەکی زۆر لە یەکێتیی تۆپی پێی عێراقدا هەیە، ئەو رەخنانەی مەسعود میرال لە یەکێتیی تۆپی پێی عێراقی دەگرتن راست دەرچوون". بەڵام گوتیشی "مەسعود میرال نەدەبوو ئەو رەخنە تووندانە بگرێت".
عەبدوڵڵا جەلال باسی هۆکاری جێهێشتنی یانەی دهۆک لەلایەن پیتەر گۆرگیسی یاریزانی هەڵبژاردەی عێراقەوە کرد و بیانووی ئەوەی بۆ هێنایەوە کە ناچاربووە ئەو کارە بکات و گوتی "پیتەر بەهۆی نەخۆش کەوتنی دایکی ناچاربوو دوور بکەوێتەوە". هەروەها گوتی "پشتیوان بەخوا پیتەر گۆرگیس دەگەڕێتەوە یانەی دهۆک".
سەرۆکی یانەی دهۆک لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەی رووداو سپۆرتسدا، رەتیکردەوە داوای مستەفا قابیلی یاریزانی یانەی هەولێریان کردبێت و گوتی "ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی یانەکەمان و مستەفا هەندێک سوعبەتیان کردبوو، بەڵام هەرگیز بەفەرمی داوای مستەفا قابیلمان نەکردووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ