رووداو دیجیتاڵ
یانەی مانچێستەر سیتی دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات و بەشێوەیەکی کاتی بچێتە پلەی یەکەمی ریزبەندی پرێمەرلیگ، کاتێک بەرامبەر وێستهام یونایتد یاری دەکات.
مانچێستەر سیتی شەش یاریی رابردووی لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا بەسەریەکەوە بردووەتەوە و دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات بۆ ئەوەی بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات و بەشێوەیەکی کاتی پلەی یەکەمی ریزبەندی خولی ئینگلتەرا لە ئارسیناڵ وەربگرێت، بەوپێیەی پێش ئەوان یارییەکەیان ئەنجامدەدەن.
تیپەکەی پێپ گواردیۆلا بۆ یارییەکە ئامادەیە، بەڵام عومەر مەرمووش بەهۆی پەیوەندیکردنی بە هەڵبژاردەی میسر، جێریمی دۆکو، جۆن ستۆنز، رۆدری و ماتیۆ کۆڤاچیچ بەهۆی پێکانەوە یاریی ناکەن.
وێستهام لە خراپترین تیپەکانی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگە، لە پلەی هەژدەیەمی ریزبەندی خولەکەیە و شەڕ بۆ مانەوە دەکات، لە دوایین پێنج یارییدا هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە و بەرامبەر مانچێستەر سیتی ئەرکی زەحمەت دەبێت.
یاریی لووتکەی ئەم هەفتەیەی پرێمەرلیگ لە لەندەن دەبێت، کاتێک هەردوو یانەی تۆتێنهام و لیڤەرپوول رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی سێ خاڵی دیکە و نزیکبوونەوە لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە.
یارییەکە لە لەندەن لە یاریگەی تۆتێنهام دەکرێت، هەردوو یانە لە دۆخێکی باشدانین و دەیانەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکەن بۆ ئەوەی لە پلەکانی پێشەوە نزیک ببنەوە، لیڤەرپوول لە پلەی حەوتەمی ریزبەندە لە دوایین چوار یارییدا لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا تەنیا یەک بردنەوەی هەیە، تۆتێنهام لە پلەی نۆیەمی ریزبەندی خولەکەیە تیپەکە یاریی رابردووی بە ئەنجامێکی گەورە و بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر بە یانەی نۆتینگهام دۆڕاندووە و نایەوێت یاریی دووەمی لەسەریەک بدۆڕێنێت.
لەم یارییەدا محەممەد سەڵاح، بەهۆی پەیوەندیکردنی بە هەڵبژاردەی میسر، کۆدی گاکپۆ، جۆ گۆمێز و واتارۆ ئیندۆ لە لیڤەرپوول بەهۆی پێکانەوە یاریی ناکەن، لە تۆتێنهام، دۆمینیک سۆلانکێ، دێستینی ئودۆجی، دیان کولوسڤێسکی، یڤێس بیسوما و جەیمس مادیسۆن یاریی ناکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ