رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەم مانگەدا، بەرامبەر میلان یاریی کرد و لە جامی سوپەری ئیتاڵیا کرایە دەرەوە، جارێکی دیکە یانەی یوڤێنتوس رووبەڕووی ئەو یانەیە دەبێتەوە.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 21ـی سێری ئادا و لە یارییەکی لووتکە و سەرنجڕاکێشدا، هەردوو یانەی یوڤێنتوس و ئەیسی میلان لە یاریگەی ئالیانز رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
میلان لە سەرەتای ئەم مانگەدا، لە جامی سوپەری ئیتاڵیادا، لە یەکەم یارییدا لەژێر سەرپەرشتی سێرجیۆ کۆنسێساو لە یوڤێنتوسی بردەوە، دوای ئەوە بووە پاڵەوان، ئەمشەو رۆسۆنێری دەیەوێت بردنەوەکەی دووبارە بکاتەوە و هەنگاوی زیاتر لە خولەکەدا بچێتە پێشەوە، پێچەوانەی ئەمە یوڤێ دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت، بۆ تۆڵەکردنەوەی ئەو دۆڕانە.
بەر لە یارییە یوڤێنتوس لە پلەی پێنجەمی ریزبەندی خولەکەیە، یانەکە هیچ یارییەکی لەم وەرزەدا نەدۆڕاندووە، بەڵام زۆرترین یەکسانبوونی هەیە و لە 13 یارییدا یەکسانبووە، دوایین سێ یاریشیان لە خولەکەدا هەر بە یەکسانبوون کۆتاییهاتووە.
یانەی میلان لە پلەی حەوتەمە بە کۆکردنەوەی 31 خاڵ و دەیەوێت بە بردنەوە لە یوڤێنتوس دۆخێکی باشتری لە ریزبەندی خولەکەدا هەبێت.
لە یارییەکی دیکەی سەرنجڕاکێشدا کە ئەمشەو بەڕێوەدەچێت، هەردوو یانەی ئاتالانتا و ناپۆلی رووبەڕووی یەکدەبنەوە، ئەمە یەکەم یاریی ناپۆلییە لە دوای رۆیشتنی خڤیچا کڤاراتسخێلیا لە یانەکە، دوای ئەوەی پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی پاریس سانجێرمانەوە کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ