رووداو دیجیتاڵ
هەریەک لە یانەکانی جەوییە و تەڵەبە هەوڵەکانیان بۆ رازیکردنی سێرجیۆ رامۆس ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی ئیسپانیا و یانەی ریال مەدرید و سەردار ئازموونی ئەستێرەی ئێرانی چڕکردووەتەوە.
یانەی تەڵەبە وەرزی ئەمساڵ ئەنجامەکانی لە دەستپێکی وەرز لەگەڵ تەڵاڵ بلووشی، راهێنەری قەتەری باش نەبوو، بەڵام دواتر لەگەڵ هاتنی عەلی رەزا مەنسووریان، راهێنەری ئێرانی یانەکە چووە نێو ململانێیەکی بەهێز و لە شەش یاریی رابردوویدا چوار بردنەوە و یەکسانبوونێک لەگەڵ دۆڕانێکی هەیە، ئێستا تەڵەبە بەکۆکردنەوەی 25 خاڵ لە پلەی پێنجەمی ریزبەندییە.
عەلی رەزا مەنسووریان، ئەزموونێکی زۆری وەک راهێنەر لەگەڵ ئەستێرە و یانە گەورەکانی ئێران هەیە، رووداو سپۆرتس بۆ یەکەمجار پلانی هێنانی ئەستێرە گەورەکانی ئێرانی لە لایەن ئەو راهێنەرەوە ئاشکراکرد و ئەو بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "بەڵێ بەدڵنیاییەوە دەمەوێت هۆکار بم بۆ ئەوەی لە رێگای یانەی تەڵەبەوە ژمارەیەک ئەستێرەی ئاستبەرزی ئێران بهێنمە خولی عێراق".
دوو رۆژە هەواڵی پەیوەندییەکانی نێوان یانەی تەڵەبە و سەردار ئازموونی ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئێران لە شەقامی وەرزشی عێراق بڵاوبووەتەوە، ئەو ئەستێرەیە پێشتر لە یانە گەورەکانی ئەورسوپا و ئاسیا لەگەڵ ناوخۆیی ئێران و کەنداو یاریکردووە، ئێستا یاریزانی یانەی شەباب ئەهلی ئیماراتییە.
هاتنی ئەستێرە گەورەکان بۆ خولی ئەستێرەکانی عێراق خەریکە دەستپێدەکەن، یانەی جەوییە بەشێوەیەکی فەرمی دەستەوارەی پێشکەشی بەڕێوەبەری کارەکانی سێرخیۆ رامۆس، ئەستێرەی پێشووی یانەی ریال مەدرید کردووە.
سەرچاوەیەک لەنێو دەستەی کارگێڕیی یانەی جەوییە بۆ رووداو سپۆرتس ئاشکرایکرد "ئێمە داوای گرێبەستمان لە سێرجیۆ رامۆسی کاپتنی پێشووی یانەی ریال مەدرید کردووە، چاوەڕوانی وەڵامی ئەو ئەستێرەیە دەکەین بۆ ئەوەی بەفەرمی لەگەڵی دانیشین و گفتوگۆی گرێبەستەکە تەواو بکەین".
سێرجیۆ رامۆس، تەمەنی 39 ساڵە نرخی 800 هەزار دۆلارە لە بازاڕی یاریزانان، ئەو لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا مۆندیال و دوو یۆرۆی بردووەتەوە و لەگەڵ ریال مەدریدیش چەندین نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێناوە.
هەرچی سەردار ئازموونی ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئێرانە، تەمەنی 31 ساڵە و نرخی حەوت ملیۆن دۆلارە. ئەو پێشتر بۆ یانەی بایرلیڤەرکوزنی ئەڵمانی و رۆمای ئیتاڵی یاری کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ