رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی ئێران ئەستێرە یەکەمی بەتۆمەتی 'خیانەت و ناپاکی' سزا دا و میدیاکانی ئەو وڵاتە هێرشێکی تووند دەکەن سەر یاریزانەکە.
سەردار ئازموون، ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئێران، رووبەڕووی مەترسیی دوورخستنەوەی یەکجاری بووەتەوە لە ریزی هەڵبژاردەی نیشتمانیی وڵاتەکەی، ئەوەش دوای ئەوەی بەهۆی رەفتارێکەوە کە بە 'خیانەت' ناوبراوە، لە پێکهاتەی تیپەکە دەرکرا.
بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، ناوی سەردار لە لیستی هەڵبژاردەی ئێران بۆ مۆندیالی 2026 نابێت، کە بڕیارە لەنێوان 11ـی حوزەیران تاوەکو 19ـی تەممووزی داهاتوو لە ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا بەڕێوەبچێت.
تیروپشکی مۆندیال، هەڵبژاردەی ئێرانی خستووەتە کۆمەڵەی حەوتەم، لەگەڵ هەریەکە لە هەڵبژاردەکانی میسر، نیوزلەندا و بەلجیکا یارییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکان دەکات.
هێرشبەرەکەی یانەی شەباب ئەهلیی ئیماراتی، تووڕەیی دەسەڵاتدارانی ئێرانی لێکەوتووەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی وێنەیەکی خۆی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام لەگەڵ محەممەد بن راشد ئال مەکتووم، حاکمی دوبەی بڵاوکردەوە. ئەم رەفتارەی یاریزانەکە هاوکاتی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بووە بۆ سەر ئیمارات.
هەرچەندە ئازموون دواتر وێنەکەی سڕیوەتەوە، بەڵام تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران، هێرشێکی تووندی کردە سەری و بە 'ناپاک' تۆمەتباری کرد.
هاوکات ئاژانسی هەواڵی فارس لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لەنێو هەڵبژاردەی نیشتمانیی ئێرانەوە بڵاویکردەوە، کە "ئازموون بەیەکجاری لە تیپەکە دوورخراوەتەوە و بەشداری لە مۆندیالدا ناکات". ئەمە لە کاتێکدایە کە هێشتا ەبشداریکردنی هەڵبژاردەی ئێران لە مۆندیالی 2026 مسۆگەر نییە و ئێرانییەکان داوادەکەن ایرییەکانیان لە ئەمریکاوە بگوازنەوە بۆ مەکسیک، بەهۆی جەنگی ئەمریکا = ئیسرائی و ئێرانەوە، کە زیاتر لە 20 رۆژە بەردەوامە، بەڵام فیفا رەتیکردەوە یارییەکانی ئێران بگوازێتەوە مەکسیک.
لە ئەگەری دوورخستنەوەی یەکجاریی ئازموونی تەمەن 31 ساڵ، هەڵبژاردەی ئێران یەکێک لە کۆڵەکە هەرە سەرەکییەکانی لەدەستدەدات، چونکە یاریزانەکەی پێشووی یانەی رۆما لەکۆی 91 یاریی نێودەوڵەتیدا 57 گۆڵی بۆ وڵاتەکەی تۆمارکردووە و خاوەنی هاندەرێکی زۆرە لە ئێران.
سەردار ئازموون لە 1ـی کانوونی دووەمی 1995 لە شاری گۆنبەدکاووسی ئێران لەدایکبووە. ئازموون لە تورکمانەکانی ئێرانە. ئەو بەھۆی یاری جوان و سەرەنجڕاکێش بە 'مێسی ئێران' ناوی دەرکردووە.
ئازموون لەساڵی 2014 لە تەمەنی 19 ساڵیدا یەکەم یاریی خۆی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئێران ئەنجامدا، لەگەڵیدا بەشداری لە هەرسێ وەشانی جامی نەتەوەکانی ئاسیا 2015، 2019 و 2023 کردووە، هەروەها بەشداری لە ەهردوو مۆندیالی 2018 و 2022 کردووە.
دوای عەلیڕەزا جەهانبەخش، ئازموون دووەم گرانترین یاریزانی ئێرانە لە مێژووی تۆپی پێدا. هەروەها گەنجترین یاریزانیئێرانییە، کە لە یارییەکی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپادا گۆڵی تۆمارکردبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ