پرێستیانی خۆی تووشی بەڵایەکی گەورەکرد

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن جیانلوکا پرێستیانی ڤینیسیۆس جۆنیۆر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

جیانلوکا پرێستیانی، یاریزانی ئەرجەنتینیی یانەی بێنفیکای پۆرتوگالی خۆی تووشی بەڵایەکی گەورە کرد و دانی بە سووکایەتیکردن بە ڤینیسیۆسدا نا، و ئەو جنێوەی ئاشکرا کرد کە بە یاریزانە ڤینیسیۆس جۆنیۆری یاریزانی بەرازیلیی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی داوە.
 
راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی پێشهاتە نوێ و سەرنجڕاکێشەکانی ناو لێکۆڵینەوەکانی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا UEFAـی ئاشکرا کرد، سەبارەت بەو رووداوەی کە رووبەڕووی ئەستێرەی ریال مەدرید، ڤینیسیۆس جۆنیۆر بووەوە لە کاتی یاریی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر بێنفیکا لە سێشەممەی رابردوو.
 
ڤینیسیۆس تۆمەتی ئاراستەی یاریزانی پۆرتوگالی، جیانلوکا پرێستیانی ئەرجەنتینی کردبوو، بەوەی لە کاتی یارییەکەدا سووکایەتی رەگەزپەرستانەی پێکردووە. ئەو یارییە بەسەرکەوتنی مێرێنگی 1-0 کۆتاییهات، کە گۆڵەکە لەلایەن خودی یاریزانە بەرازیلییەکەوە بە لێدانێکی سەرنجڕاکێش تۆمارکرا.
 
بەگوێرەی تۆڕی  ESPN پرێستیانی لە لێکۆڵینەوەکانی یەکێتیی تۆپی ئەورووپادا گوتەی خۆی داوە و رایگەیاندووە کە 'دەستەواژەی سووکایەتیکردن بە هاوڕەگەزخوازانی بە زمانی ئیسپانی' ئاراستەی ڤینیسیۆس کردووە.
 
بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەکی دیکە، پرێستیانی بە فیفای راگەیاندووە کە ئەو بە ڤینیسیۆسی گوتووە "هاوڕەگەزخوازی قێزەون" نەک مەیموون.
 
ئەو سەرچاوانە دەڵێن "پرێستیانی نازانێت کە سزای رق و قینە بۆ هاوڕەگەزخوازان لە ئەورووپا هەمان سزای رەگەزپەرستییە!!
بۆیە کوڕە ئەرجەنتینییەکە خۆی تووشی کێشە کرد!!".
 
کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسی و هاوڕێی ڤینیسیۆس لە ریال مەدرید رایگەیاندبوو کە یاریزانە ئەرجەنتینییەکە 5 جار بە 'مەیموون'  ناوی ڤینیسیۆسی بردووە.
 
کێشەی نێوان ڤینیسیۆس و پرێستیانی دەنگدانەوەیەکی زۆری لە جیهانی تۆپی پێدا دروستکرد، ئەمەش وای لە فیفا کرد بیر لە سزادانی ئەو یاریزانانە بکاتەوە کە لە کاتی گوتنی دەستەواژەی نەشیاودا لەنێو یاریگەکان دەمیان دادەپۆشن.
 
ئێستا بێنفیکا خۆی بۆ سەردانیکردنی یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ، قەڵای ریال مەدرید ئامادە دەکات، بۆ ئەنجامدانی یاری گەڕانەوەی پلەی ئۆف بۆ سەرکەوتن بۆ قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ، کە بڕیارە چوارشەممەی داهاتوو بەڕێوەبچێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە