رووداو دیجیتاڵ
لویس رۆبیالیس، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا، رەتیدەکاتەوە خۆی و جێرارد پیکێی بەرگریکاری بارسێلۆنا لە هیچ جۆرە گەندەڵییەک تێوەگلابن، لە پرسی جامی سوپەری ئیسپانیا.
چەند تۆمارێکی دەنگی بڵاوبوونەتەوە کە تێیدا دەردەکەوێت، پیکێ بڕێک پارەی وەرگرتووە لە بری بردنی پاڵەوانێتی سوپەری ئیسپانیا بۆ سعودییە، ئەمەش کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، کە لە ئیسپانیا داوادەکرێت پیکێ و رۆبیالیس بە تۆمەتی گەندڵی سزا بدرێن.
لویس رۆبیالیس، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا، لە لێدوانێکدا ئەو تۆمەتانەی سەر خۆی و پیکێی رەتکردەوە، بەڵام ترسی خۆیشی لەوە راگەیاند کە زیانی پێبگەینن و گوتی "ئەمە مافیایە، پێموانییە کارەکە بگاتە ئەوەی لە پشتەوە فیشەکێک بدەن لە ملمەوە، ئەوان کە زانیاری لە مۆبایلەکەم ببەن، دەکرێت جانتایەکی کۆکایینیش بخەنە نێو ئۆتۆمبێلەکەم".
ئەو زیاتر گوتی "ئەوانەی ئەوەیان کردووە زۆر مەترسیدارن، تاوانێکی زۆر مەترسیدارە، هەستدەکەم مافەکانم کۆتاییانهات، زۆر تووڕەم".
رۆبیالیس لە بەردەوامی قسەکانیدا، بەرگری لە جێرارد پیکێش کرد و دووپاتیکردەوە کە ئەو بەشێوەیەکی یاسایی بەشێک پارەی بەرکەوتووە و گوتی "چەند حەزدەکەم و هیوادارم چەندین یاریزانی تۆپی پێی دیکەی وەک پیکێ هەبن، ئەو بزنسمان و رۆشنبیرێکی چالاکە لە بواری کاریی کۆمپانیاکاندا، کێشەکە چییە؟ رێک ئەوەمان دەوێت، دەبێت یاریزانان رۆژانە زیاتر فێرببن".
ئەو زیاتر گوتی "ئەگەر نێوەندگیرێک رێژەی 10٪ـی بەهای گرێبەستێکی نیوان دوو لایەن وەربگرێت، ئایا ئەمە رەوا نییە لە بازاڕی ئێستادا؟ بەڵێ، ئایا ئەمە کارێکی یاساییە؟ بەڵێ. ئایا کارێکی ئەخلاقییە؟ بۆ نا".
سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا، گوتیشی "قسەکردن لەسەر بڕی 24 ملیۆن یۆرۆ قسەیەکی دیماگۆگییە، چونکە بەڕاستی ئەوە پارەیەکی زۆرە، لەبەرئەوەی سوود و داهاتەکانی تۆپی پێی ئیسپانیا گەورەن، ئەو هاوبەشە سعودییەکەی بۆ هێناوین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ