رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەیەکی ئیسپانی ئاشکرای دەکات کە یەکەم کێشە و ناکۆکی لەنێوان بارسێلۆنا و لامین یامالی ئەستێرە گەنجەکەی سەریهەڵدا و دەڵێت "بارسێلۆنا رووبەڕووی کێشەیەکی گەورە دەبێتەوە، چونکە لامین یامال مەرجێکی قورسی هەیە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی".
رۆژنامەی کادینا سێر بڵاویکردووەتەوە، بارسێلۆنا خۆی خستووەتە دۆخێکی سەختەوە و هەڵەیەکی ئاشکرای کردووە لە دانوستانەکانیدا بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزان لامین یامال، کە تاوەکو ساڵی 2030 دەبێت.
وەک ئەو رۆژنامەیە باسی دەکات، یامال دەیەوێت ببێتە خاوەنی بەرزترین مووچە لە یانەکەدا، ئەمەش لەکاتێکدایە کە بارسێلۆناش ئەو راستییە دەزانێت کە ئەو یاریزانە داهاتووی یانەکەیە و هەر لە تەمەنی 17 ساڵیدا بەربژێری باڵۆن دۆرە.
ئێستا رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، هێرشبەری پۆڵەندی خاوەنی بەرزترین مووچەی بارسێلۆنایە، کە بەگوێرەی گرێبەستەکەی وەرزی داهاتوو دەبێتە 26 ملیۆن یۆرۆ.
ئەم مەرجەی لامین یامال بەرپرسانی یانەکە ناچاردەکات درک بەوە ببەن کە پێویستە پێداچوونەوە بە مووچەی یاریزانە گەورەکانی وەک لیڤاندۆڤسکی و تێرشتیگن و دی یۆنگ بکات، بۆ پاراستنی هاوسەنگیی بنمیچی مووچە.
بارسا لەبەردەم دووڕیانێکی داراییدایە، یان دەبێت مووچەی یامال زیاد بکات بۆ ئەوەی لە لیڤاندۆڤسکی زیاتر وەربگرێت، یان گفتوگۆ بکات بۆ کەمکردنەوەی مووچەی لیڤاندۆڤسکی سەرەڕای رێککەوتنەکەی نێوانیان.
رۆژنامەنووس برۆنۆ ئەلێمانی ئاماژەی بەوە داوە کە هەڵەی بارسیلۆنا لە زیادکردنی مووچەی یامالدا نەبووە، بەڵکو لە گرێبەستە گەورەکەی یانەکەدا بووە بۆ لیڤاندۆڤسکی.
ئەو پێیوایە مووچەی یامال دەبێت هاوتا بێت لەگەڵ ئاستی راستەقینەی خۆی، بەبێ گوێدانە تەمەنی. ئەو پێیوایە بەهرە و ئاستێکی بەرز شایستەی مووچەیەکی زۆرە، ئاماژە بە مووچەی مێسی دەکات کە پێشتر 139 ملیۆن یۆرۆ بوو بۆ هەر وەرزێک.
گرێبەستە نوێیەکەی لامین یامال لەگەڵ بارسێلۆنا
بەپێی بەرنامەی ئێل چیرینگویتۆ، کارگێڕیی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بڕیاریداوە گرێبەستی یاریزانە لاوەکەی لامین یامال نوێبکاتەوە و مووچە نوێیەکەی لەنێوان 7 بۆ 8 ملیۆن یۆرۆدایە، بەمەش دەبێتە سێیەم یاریزانی خاوەن بەرزترین مووچە لە بارسێلۆنا لەدوای رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی هێرشبەری پۆڵەندی و فرێنکی دی یۆنگی هۆڵەندی.
گرێبەستەکەی یامال نوێ دەکرێتەوە کاتێک تەمەنی دەبێتە 18 ساڵ، سەرەڕای ئەوەی ناوەکەی بە زۆر لە یانە ئینگلیزی و سعودییەکانەوە دەبەسترێتەوە، بەڵام یامال دەیەوێت کاروانی تۆپی پێی لەگەڵ بارسیلۆنا تەواو بکات.
وەک ئەوەی رۆژنامەی کادینا سێر بڵاویکردووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی لامین چەندینجار لە لێدوانەکانی پێشوویدا ئاماژەی بەوە کردووە کە دەیەوێت گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە و لە خولی ئیسپانیا بەردەوام بێت، بەڵام ئێستا مەرجی هەیە و دەیەوێت خۆی پیاوی ژمارە یەکی یانەکە بێت و بەرزترین مووچەش بەناوی خۆی بێت.
لامین یامال لەم وەرزەدا لەگەڵ بارسێلۆنا لە 18 یاریی خولی ئیسپانیدا بەشداری کردووە، پێنج گۆڵی تۆمارکردووە و 10 ئەسیستیشی هەیە. هەروەها لە چامپیۆنزلیگدا لە 7 یارییدا بەشداری کردووە، دوو گۆڵی تۆمارکردووە و دوو ئەسیستیشی هەیە. یارییەکیش لە جامی شای ئیسپانیا کردووە و گۆڵێک و ئەسیستێکی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ