رووداو دیجیتاڵ
لامین یامال لە کارگێڕیی یانەی بارسێلۆنا یاخی دەبێت و بۆچوونی خۆی دەسەپێنێت و پێداگیری لەسەر ئەوە دەکات کە دەبێت یانەکە دوو گرێبەستی گەورە بکات و خۆی دوو یاریزانەکە دەستنیشان دەکات.
لەناو نووسینگەکانی کامپ نودا، چیدی پلانەکانی گواستنەوە تەنیا لەلایەن بەڕێوەبەری وەرزشییەوە بەڕێوەنابردرێن و یەکێک لە دیارترین ئەستێرەکانی ئێستای تیپەکە دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی کاریگەرییەکانی خۆی بەهێمنی، ئەمەش گۆڕانکارییەکی لە پێشینەکانی یانەکەدا دروستکردووە.
سەرچاوەی ئەم گۆڕانکارییە کتوپڕە دەگەڕێتەوە بۆ لامین یامال، کە دەستی کردووە بە رۆڵێک کە هاوشێوەی ئەو رۆڵەیە کە پێشتر لیۆنێل مێسی دەیگێڕا و دەیەوێت خۆی بڕیاری هەبێت لە هێنانی یاریزانانی نوێ بۆ یانەکە.
بەپێی سەرچاوەکانی نزیک لە یانەکە، یاریزانە گەنجەکە دەستوەردانی راستەوخۆی کردووە بۆ کاریگەری لەسەر بڕیارە یەکلاکەرەوەکان لە بازاڕی گواستنەوەدا، سەرەڕای ئەو ئاستەنگە داراییانەی کە بەڕێوەبەرایەتییەکە بەسەرۆکایەتی لاپۆرتا و دیکۆ رووبەڕوویان دەبێتەوە.
یەکێک لە دیارترین ئەو هەنگاوانە هەوڵە پێشکەوتووەکانی بارسێلۆنا بوو بۆ واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ نیکۆ ویلیامز، یاریزانی باڵی ئاتلێتیک بیلباو، لەسەر داوای خودی یامال، سەرەڕای ئەوەی یاریزانەکە گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2035 نوێکردەوە و نەچووە بارسێلۆنا، بەڵام دەستوەردانی راستەوخۆ قەبارەی ئەو کاریگەرییەی ئاشکرا کرد کە ژمارە 10ـی تیپەکە دەستی کردبوو بەسەپاندنی لە یانەکەدا.
بە نزیکبوونەوەی کۆتاییهاتنی گرێبەستی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی لە مانگی حوزەیرانی داهاتوودا، کە پێشبینی دەکرێت بەرەو خولی سعودیە بڕوات، یانەکە بەجددی بیر لە واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ هێرشبەرێکی نوێی سوپەر دەکاتەوە. ناوی جولیان ئەلڤارێز وەک یەکێک لە پێشینەکانی ئەم دۆسێیە هاتووەتە ئاراوە، بەتایبەتی دوای راسپاردەیەکی روونی لامین، کە بە هاوبەشێکی نموونەیی لە هێڵی هێرشبردندا دەیبینێت.
یانەکە پێیوایە گرێبەستکردن لەگەڵ 'جاڵجاڵۆکەکە' فرەچەشنییەکی تەکتیکی دەدات بە تیپەکە، بە لەبەرچاوگرتنی تواناکانی لە دروستکردنی بۆشایی، گوشارخستنە سەر و یاریی بەکۆمەڵ، ئەگر ئەوەش نەکرا، یامال ئارەزووی خۆی بۆ بینینی ناوی یاریزانێکی دیکە کە بگەڕێتەوە بۆ ریزەکانی یانەک نەشاردووەتەوە.
داواکارییەکی دیکەی یامال، کە پێشکێشی کارگێڕیی بارسا کردووە، مارک گویۆیە، یەکێک لە دەرچووانی لا ماسیا، کە پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ یامالدا هەیە لە کاتی لاوێتییەوە. یاریزانەکە وەک بژاردەیەکی ستراتیژی بۆ پاڵپشتیکردنی هێڵی هێرشبردن دادەنرێت، بەتایبەتی لە ئەگەری گەڕانەوەی مارکوس راشفۆرد بۆ مانچێستەر یونایتد و دڵنیانەبوونی ستافی راهێنەران بە ئاستی روونی بەرداخچی.
لەم پلانەدا، چاوەڕوان دەکرێت گویۆ جێگرەوەی تەکتیکی ئەلڤارێز بێت، لەکاتێکدا فێران تۆرێس لە باڵدا دەمێنێتەوە. بەڕێوەبەرایەتی بارسا دەستی کردووە بە وەرگرتنی ویستەکانی ئەستێرە گەنجەکەی بەجددی، سەرەڕای ئەوەی هەندێک دەنگ لەناو یانەکەدا هێشتا پێیانوایە هاوسەنگی دارایی دەبێت وەک پێشینە بمێنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ