خۆسیلۆیەکی نوێ بەڕێگاوەیە بەرەو ریال مەدرید

21-05-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی ریال مەدرید خۆسێلۆ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، بەردەوامە لە خۆڕێکخستنەوە و هێنانی یاریزانانی نوێ بۆ ریزەکانی، لە پاش گرێبەستکردن لەگەڵ دین هاوسنی بەرگریکەر، یانەکە چاوی لەهێنانی هێرشبەرێکی سەرەڕمە بەهەمان ئەو تایبەتمەندییانەوە کە خۆسێلۆ هەیبوو.
 
خۆسێلۆی تەمەن 35 ساڵ، یاریزانی تیپی دووەمی ریال مەدرید بوو، تەنیا لە 2011 - 2012 لەگەڵ تیپی یەکەمی یانەکە یارییکرد و دواتر کاروانی خۆی دوور لە ریال مەدرید، لە یانەکانی هۆفێنهایم، ئاینتراخت فرانکفۆرت، هانۆڤەر، ستۆک سیتی، دیپۆرتیڤۆ لاکۆرۆنیا، نیوکاسڵ، ئالاڤێس و ئیسپانیۆل درێژەپێدا، بەرلەوەی وەرزی 2023 - 2024 جارێکی دیکە درێسی ریال مەدرید بپۆشێتەوە.
 
خۆسێلۆ ئەگەرچی لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ ریال مەدرید، هێرشبەرێکی سەروو 30 ساڵان بوو، بەڵام لەگەڵ یانەکە لە 34 یاریدا 10 گۆڵی تۆمارکرد، کە دوو لە گۆڵەکانی لە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ بوون بەرامبەر بایرن میونشن، کە بەهۆیەوە یانەکە گەیشتە یاریی کۆتایی و لەوێ لە بۆرووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی بردەوە بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر.
 
سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، ریال مەدرید بڕیاریداوە ئەمساڵیش هەمان سیناریۆی هێنانی خۆسێلۆ لەگەڵ هێرشبەرێکی سەرەڕمی تەمەن گەورەدا تاقی بکاتەوە.
 
ئەو سەرچاوانە دەڵێن، یانەکە لەسەر داوای چابی ئەلۆنسۆ، کە پێشبینیکراوە لە رۆژانی داهاتوودا مەشقدانی یانەکە لە ئەستۆ بگرێت، بەشوێن هێرشبەرێکدا دەگەڕێت بەهەمان تایبەتمەندییەکانی خۆسێلۆ، لە رووی باڵا و کۆتایی پێهێنانی هێرشەکانەوە.
 
سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، بەرپرسانی ریال مەدرید لەو بڕوایەدان، نەبوونی هێرشبەرێکی سەرەڕمی نێو سندووق، لە وەرزی ئەمساڵدا کێشەی بۆ تواناکانی تیپەکە دروستکردووە، بەتایبەت لە ساتە یەکلاکەرەوە و هەستیارەکاندا.
 
خۆسێلۆ تایبەتمەندییەکی گرنگی هەبوو، کە بەدانیشتن لەسەر کورسیی یەدەگ رازیبوو و هەر کاتێک دەرفەتی پێبدرایە، ئاستی خۆی پێشاندەدا و یەکلاکەرەوە بوو، ئەو یاریزانەی ئێستا ریال مەدرید بەشوێنیدا دەگەڕێت، پێویستە بەهەمان دۆخ رازی ببێت.
 
وەک سەرچاوەکان دەڵێن، دیارترین ناوی بەئامانجکراو لەلایەن ریال مەدریدەوە، ئانتی بۆدیمێری هێرشبەری ئۆسەسۆنایە کە تەمەنی 33 ساڵە و شێوازی یارییکردنی زۆر لە خۆسێلۆ نزیکە.
 
بۆدیمێر تاوەکو 2027 گرێبەستی لەگەڵ یانەکەی هەیە و مەرجی سزایی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی 20 ملیۆن یۆرۆیە.
 
ریال مەدرید بۆ کەمکردنەوەی تێچووی بەدەستهێنانی بۆدیمێر، دەیەوێت گۆنزالۆ گارسیای هێرشبەری لاوانی تیپەکە بخاتە نێو دەستەوارەکەوە.
 
ریال مەدرید لە وەرزی ئەمساڵدا هیچ نازناوێکی بەدەستنەهێنا و ئێستا تیپەکە بەگۆڕینی راهێنەر و رێکخستنەوەی تیپەکەی، دەیەوێت وەرزی داهاتوو رکابەریی لەسەر نازناوەکان بکاتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە