بەهۆی گولەرەوە پزیشکی ریال مەدرید لە پۆستەکەی دوورخرایەوە

12-11-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی ریال مەدرید ئاردا گولەر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کارگێڕیی ریال مەدرید بەهۆی دووبارەبوونەوەی پێکانی ئاردا گولەری یاریزانی لاوی یانەکە، بڕیاری دوورخستنەوەی پزیشکی یەکەمی یانەکەی لە پۆستەکەی راگەیاند.
 
ئاردا گولەر کە هاوینی ئەمساڵ پەیوەندی بەریال مەدریدەوە کرد، لەسەرەتای هاتنیەوە تاوەکو ئێستا بەدەست دووبارەبوونەوەی پێکان و نەتوانینی یارییکردنەوە دەناڵێنێت. ئەو کارە بەرپرسانی ریال مەدریدی بێزارکردووە.
 
میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، یانەی ریال مەدرید بڕیاریداوە دکتۆر نیکۆ میهیچی کرواتی، کە بەرپرسی یەکە تەندروستییەکانی یانەکەیە، لە پۆستەکەی دووربخاتەوە.
 
ئەو پزیشکە لە 2017ەوە لە ریال مەدرید کاردەکات. لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە بەهۆی پێکرانی زۆری یاریزانان لە ماوەی رابردوودا، بەتایبەت دووبارەبوونەوە و سەرهەڵدانەوەی پێکانی ئاردا گولەر کە تاوەکو ئێستا هیچ یارییەکی بەدرێسی ریال مەدریدەوە نەکردووە.
 
گولەر، لە کۆتاییەکانی مانگی حەوتی رابردوودا دووچاری پێکانبوو لە ئەژنۆیدا، راستەوخۆ پاشئەوەی لە فەنەربەهچەوە پەیوەندی بە یانەی شاهانەوە کرد، پاشان لە کۆتایی مانگی نۆدا جارێکی دیکە دووچاری هەمان پێکان بووەوە.
 
دوای گەڕانەوەی ئەو یاریزانە و دەستکردنەوە بەمەشقکردن لەگەڵ یانەکە، لە هەفتەی دووەمی مانگی دەی ئەمساڵدا، جارێکی دیکە دووچاری پێکانێکی ماسوولکەیی بوو و تاوەکو ئێستا ماوەی دوورکەوتنەوەی دیار نییە.
 
سەرچاوە ئیسپانییەکان دەڵین، "شێوازی ئەو پزیشکە لە چارەسەرکردنی یاریزانان، گومانی ئەوەی دروستکردووە کە بێتوانابێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ توانای جەستەیی و پێکانی یاریزانانی یانەکە".
 
هەروەها ئاماژە بەوە دەکەن کە "پێشتر هەندێک گومان لە تواناکانی یاریزانان هەبووە، بەڵام ئانتۆنیۆ پینتۆسی راهێنەری توانای جەستەیی یانەکە، توانی بەشێک لە کێشەکان لە رێگەی مەشقی چڕ و بەهێزکردنی توانای جەستەیی یاریزانان چاک بکات".
 
ئەو سەرچاوانە ئاشکرایانکردووە، "لەگەڵ گولەردا، شکستهێنانی چاکبوونەوە و دووبارەبوونەوەی پێکان لە ساڵانی رابردوودا، بەرۆکی هەریەکە لە کەریم بنزیما، داڤید ئالابا و دانی سیبایۆسی گرتووەتەوە و ئەوەش نیگەرانییەکانی کارگێڕیی یانەکەی کەڵەکەکردووە".
 
ئەگەرچی هەندێک سەرچاوە گومانیان لەوە هەیە پێکانی ئەمجارەی گولەر راستەقینەبێت و دەڵێن، تەنیا بۆ ئەوەیە تاوەکو ئەو یاریزانە لە چوونە هەڵبژاردەی تورکیا بۆ یارییەکانی پاڵاوتنی یۆرۆ بپارێزن، بەڵام کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری یانەکە رایگەیاندووە گولەر پێویستی بەچەند رۆژێکی دیکە لە پشوو وەرگرتن و چاودێری هەیە تاوەکو بەتەواوی بۆ یارییکردن ئامادەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە