رووداو دیجیتاڵ
یانەی دهۆک سێ خاڵی دیکەی لەدەستدا و بۆ شەشەم یاریی لەسەریەک لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، نەیبردەوە.
لە گەڕی 36 خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی دهۆک لە کەشوهەوایەکی گەرمدا کە پلەی گەرمای 39 پلەی سیلیزی بوو، لە نێو یاریگەی رەمادی رووبەڕووی یانەی گەرمە بووەوە و یارییەکەی بەگۆڵێکی بێبەرامبەر دۆڕاند.
لە خولەکی 15 ی یارییەکەدا، ناوبژیوان لێدانی سزای بۆ گەرمە هەژمارکرد، بەڵام دوای گەڕانەوە بۆ ڤار بڕیارەکەی گۆڕی و لێدانە سزاکەی هەڵوەشاندەوە.
گێمی یەکەمی یارییەکە بەیەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتایی هات.
گێمی دووەم یارییەکە گەرموگوڕیی زیاتری بەخۆوەبینی.
لە خولەکی 64ی یارییەکەدا، ئەحمەد خەلەفی راهێنەری گەرمە،محەممەد عەدنانی هێرشبەری دانیشاند و لە شوێنی ئەو یوسف عومەرۆ ئالیۆی هێنایە ناو یاریگا، یوسف تەنیا یەک خولەکی بەسبوو بۆ ئەوەی لە خولەکی 65ی یارییەکەدا بە ئەسیستێکی جوانی یاریزان مونتەزەر عەبدولئەمیر، گۆڵی یەکەم و پێشکەوتنی گەرمە تۆمار بکات، یارییەکە تاوەکو کۆتایی بەهەمان ئەنجامە مایەوە و یانەی دهۆک چەند هێرشێکی برد بەڵام سەرکەوتوو نەبوو لە گۆڵ تۆمارکردن.
بەم ئەنجامە، گەرمە بازێکی بەسەر یانەی دهۆکدادا و خۆی گەیاندە پلەی شەشەمی ریزبەندی خولەکە و دهۆکی بۆ پلەی حەوتەمی ریزبەندی خولەکە دابەزاند.
رکابەرییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق تەنیا یەک گەڕیان ماوە و یانەی شورتە لە گەڕی پێشکۆتاییدا بەدەستهێنانی نازناوی ئەمساڵی خولەکەی یەکلاکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ