رووداو دیجیتاڵ
یانەی زاخۆ، دوای بردنەوەی خەڵاتی باشترین هاندەری جیهان بۆ ساڵی 2025 نێوبانگێکی زیاتری بۆ خۆی دروستکردووە و لەگەڵ کۆمپانیایەک کە سپۆنسەری یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزییە لە گفتوگۆدایە.
یانەی زاخۆ بۆ ئەنجامدانی چوارەم یاریی لە جامی کەنداو بۆ یانەکان لە ئیماراتە، تۆڕی میدیایی رووداو رووماڵی ئەو یارییەیان بەرامبەر یانەی عەینی ئیماراتی دەکات.
دڵژار عەدنان، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی زاخۆ لە بوولتەنی کاژێر 13:30ـی تۆڕی میدیایی رووداو قسەیکرد و گوتی "دوای بردنەوەی خەڵاتی باشترین هاندەری جیهان، یانەکەمان کاردانەوەیەکی زیاتری دروستکردووە و نێوبانگێکی زیاتری پەیداکردووە، ئێستا لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئیماراتی لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی سپۆنسەرایەتیی یانەکە بکات."
ئەو ئەندامەی دەستەی کارگێڕیی یانەی زاخۆ زیاتر دەڵێت "ئەو کۆمپانیایە لقێکی لە ئیماراتە و بڕیارە کۆببینەوە و گفتوگۆی زیاتر لەبارەی وردەکارییەکانی نێوانمان بکەین و ئەگەر گرێبەستەکەمان ئەنجامبدرێت، دەبینە یەکەم یانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆمپانیایەکە گرێبەستی لەگەڵ بکات، کۆمپانیایەکە زۆر گەورەیە گرێبەستێکی لەگەڵ یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزیش هەیە و بە ئەنجامدانی گرێبەستەکە یانەکەمان دەچێتە قۆناخێکی دیکە."
کۆمپانیایەکە ناوی (AXI)ـە و تایبەتە بە بازاڕسازیی ئۆنلاین، ساڵی 2020 گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی مانچێستەر سیتی نوێکردووەتەوە و چەند ساڵێکە هەردوولا بەیەکەوە کاردەکەن و کۆمپانیایە بازاڕسازی بۆ یانەی مانچێستەر سیتی دەکات لە دەرەوەی ئینگلتەرا و لەسەر ئاستی جیهان.
کۆمپانیای (AXI) خاوەنی نێوبانگێکی زۆر گەورەیە لەسەر ئاستی جیهان و 8 لقی جیاوازی هەیە و لە 100 وڵات کاردەکات.
یانەی زاخۆ تاوەکو ئێستا هیچ سپۆنسەرێکی تایبەتی نییە بۆ ئەوەی ناوی لەسەر درێسی یانەکە بێت، بە ئەنجامدانی ئەو گرێبەستە یانەکە هەنگاوێکی زۆر گەورە دەچێتە پێشەوە و ئیدی لەسەر سینگی یاریزانانی یانەکە ناوی ئەو کۆمپانیایە دەنووسرێت.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو سپۆرتس، جگە لەو کۆمپانیایە کۆمپانیایەکی دیکەش پەیوەندیی بە عەمار فەرهاد، سەرۆکی یانەی زاخۆ کردووە بۆ ئەوەی گفتوگۆ بکەن و هاوئاهەنگیان هەبێت بۆ ئەوەی کۆمپانیایەکەیان ببێتە سپۆنسەری یانەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ