بارسێلۆنا دوایین یاریی خۆی دەکات و ئەرکی زەحمەتە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن بارسێلۆنا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا دوایین یاریی خۆی لە 2025 ئەنجامدەدات و دەیەوێت بەبردنەوەیەکی دیکە بچێتە نێو پشوو و شوێنی خۆی لە پلەی یەکەمی ریزبەندی لالیگا بەهێزتر بکات.
 
کاژێر 18:15 بارسێلۆنا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر ڤیاڕیال یاریی دەکات و چاوی لە بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکەیە، هەم بۆ ئەوەی ئەمساڵ بەبردنەوەی سێ خاڵی دیکە تەواو بکات هەمیش جیاوازییەکەی لەگەڵ ریال مەدرید بکاتەوە چوار خاڵ.
 
بۆ ئەم یارییە گرنگە بارسا لە تواناکانی پێدری بێبەش دەبێت و بەهۆی پێکانەوە یاریی ناکات، بەشداریکردنی رافینیاش بەهەمان هۆکارەوە گومانی زۆری لەسەرە.
 
بارسێلۆنا شەش یاریی رابردووی لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا بەدوای یەکدا بردووەتەوە و دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات، بەڵام ئەرکی ئاسان نییە بەتایبەت کە ڤیاڕیال لەم وەرزەدا ئەنجامەکانی زۆرباشن و لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکەیە، جگە لەوەش تیپەکە لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا یاریی دەکات و دەیەوێت بردنەوەکانی بلاوگرانا رابگرێت.
 
ئەوەی بۆ هاندەرانی بارسێلۆنا مایەی مەترسییە، ئەوەیە ڤیاڕیال لەم وەرزەی لالیگادا هیچ یارییەکی لە یاریگەی خۆی نەدۆڕاندووە، لە 8 یارییدا 7 بردنەوە و یەکسانبوونێکی هەیە و بەشێوەیەکی گشتیش یانەکە تەنیا دوو یاریی دۆڕاندووە، کە هەمان ژمارەی دۆڕانەکانی بارسێلۆنا و ریال مەدریدە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە