خۆرخی ڤاڵدانۆ: لە هەڵسوکەوتەکانی ڤینیسیۆس بێزار بووین

21-10-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن لالیگا ڤینیسیۆس جۆنیۆر ریال مەدرید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

خۆرخی ڤاڵدانۆ، ئەستێرەی پێشووی ریال مەدرید و بەڕێوەبەری پێشووی پەیوەندییەکانی یانەکە، رەخنەی لە ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی یانەکە گرت، پاشئەوەی ئەو یاریزانە بووە هۆکاری پێدانی دوو کارتی سوور بەیاریزانی خیتافی لە رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ ریال مەدرید.
 
یارییەکەی خیتافی و ریال مەدرید لە هەفتەی نۆیەمی لالیگا، دەمەقاڵەی بەردەوامی نێوان ڤینیسیۆس جۆنیۆر و خوان ئیگلیسیاسی یاریزانی خیتافی بەخۆوە بینی، لەو یارییەدا کە ڤینی لە گێمی دووەمدا بووە هۆکاری دەرکردنی دوو یاریزانی خیتافی بەکارتی سوور و ریال مەدریدیش بەگۆڵێکی بێبەرامبەری کیلیان ئێمباپێ سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
 
میدیاکان چەندین دیمەنی مشتومڕی نێوان ڤینی و ئیگلیسیاسیان لەکاتی یارییەکەدا بڵاوکردەوە، لە یەکێک لە گرتەکاندا، ئەو یاریزانە بەڤینی دەڵێ، "بۆیە هەمووان رقیان لێتە".
 
وێڕای مشتومڕەکان، دوای یارییەکە ئیگلیسیاس گوتی، "لە تۆپی پێدا ئەو جۆرە پێکدادان و دەمەقاڵانە روودەدەن، ئەوە شتێکی سرووشتییە".
 
ئەو زیاتر گوتی، "بەڵام هەندێک شت هەن رێگەپێدراو نین، دەبێ هەمووان رێزی بەرامبەرەکەیان بگرن و رێزی خەڵکیش بگرن، کاتێک رێز نەمێنێت، هەندێک شت روودەدات کە کەس حەزی لێ ناکات".
 
ڤاڵدانۆ، لە نوێترین چاوپێکەوتندا دەڵێ، "هەموو یارییەک داوا لە ڤینیسیۆس دەکەین دانبەخۆیدا بگرێت، بەتایبەت لەبابەتی زێدەڕۆیی لە هەڵچوون و ئاماژەکان. ئەم کردەوانە سوود بەتیپەکە ناگەیەنێت، سوودی بۆخۆیشی نییە، زیان بەتێڕوانینی خەڵک بەرامبەر ئەو دەگەیەنێت".
 
بەڕێوەبەرەکەی پێشووی ریال مەدرید هەروەها دەڵێ، تێپەڕاندنی پەرچەکردارەکانی ڤینی بەردەوام دووبارە دەبنەوە، ئەوەش رەنگدانەوەی نێگەتیڤی لەسەر یاریزانانی دیکەی تیپەکە دەبێت.
 
ڤاڵدانۆ تەنانەت ئاماژەی بەهەڵسوکەوتێکی پێشووی ڤینی داوە، کاتێک لە یاریی یانەکە بەرامبەر ئیسپانیۆل لە دانیشاندنی لەلایەن راهێنەری یانەکەوە تووڕەبوو. ئەو دەڵێ، "ڤینیسیۆس وەک پێشتر نییە، راهێنەریش هەمان راهێنەری جاران نییە، ئەمجۆرە هەڵسوکەوتانە بەئاشکرا هەر کەسێک بیکات، تەندروست نییە".
 
خۆرخی دووپاتیکردووەتەوە کە یانەکە بۆ ماوەی زۆر پشتگیریی ئەو یاریزانەی کردووە لە کاتی ئەو تەنگژانەی دووچاریان بووەتەوە، لەنێو یانەکە و دەرەوەی یانەکەش، بەڵام دەبێ ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە یانەکە پێش هەمووانە.
 
ئەو دەڵێ، "یانەکە و هاندەرەکانی لە زۆر بۆنەدا بەرگرییان لێکرد و لە پشتی بوون، بەڵام لە کۆتاییدا دەبێت هەمووان بزانن کە ریال مەدرید لەسەروو هەمووانەوەیە".
 
هەروەها دەڵێ، "دەبێ ڤینیسیۆس تەماشای ئەوە بکات کە بەدەستی هێناوە، ئەو گەیشتە ئاستێک کە پلەی دووەمی ریزبەندی باڵۆندۆری بەدەستهێنا، نابێ ئەوە لەبیر بکات".
 
ریال مەدرید لە ئاستی نێوخۆی ئیسپانیا و چامپیۆنزلیگ تاوەکو ئێستا بەباشی دەرکەوتووە و بەجیاوازیی دوو خاڵ لە بارسێلۆنا، پێشەنگی لالیگای گرتووە و لە چامپیۆنزلیگش دوو بردنەوەی لە دوو یاریدا بەدەستهێناوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە