رووداو دیجیتاڵ
بارسێلۆنا ساڵی 2025ی بە بردنەوەیەکی گرنگ، بە ئەنجامی 2-0 لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر ڤیاڕیال لە لالیگا کۆتایی پێهێنا، یارییەکە زۆر نزیک و پڕ ململانێ بوو، ئەنجامەکە بە تەواوی گوزارشتی لەو ئاستە بەرزە نەدەکرد کە ڤیاڕیال پێشکەشی کرد.
بارسێلۆنا لە خولەکی 12دا یەکەم گۆڵی تۆمارکرد، کاتێک رافینیا لێدانێکی سزای گرت و هەرخۆی بەسەرکەوتوویی جێبەجێیکرد، لە دوای گۆڵەکە ڤیاڕیال بە متمانەبەخۆبوونەوە یاریی کرد، چەندین هەلی دروست کرد، بەمەش گوشاریان دەخستە سەر بەرگریی بارسێلۆنا.
ساتێکی یەکلاکەرەوە لە خولەکی 39دا روویدا، کاتێک ریناتۆ ڤێیگا کارتی سووری وەرگرت، ڤیاڕیال بە 10 یاریزانەوە بۆ زیاتر لە 50 خولەک یاریکرد، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، بەردەوام هەوڵی هێرشبردنیان دەدا.
بارسێلۆنا لە خولەکی 63دا گۆڵی دووەمی تۆمارکرد، لامین یامال بەگۆڵێکی تایبەت، ئەنجامەکەی کردە 2-0، ڤیاڕیال دووبارە پەرچەکرداری هەبوو و هەوڵی گۆڵ تۆمارکردنی دا، بەڵام نەیانتوانی تۆڕی گۆڵ بهەژێنن.
لە درێژەی یارییەکەدا، خوان گارسیای گۆڵپارێزی بارسا ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد و زۆر کاریگەر بوو، چەندین گەڕاندنەوەی نایابی هەبوو و وەکو دیوارێکی پۆڵایین لەپێش هێرشەکانی ڤیاڕیاڵ وەستا، یارمەتیدەر بوو لەوەی یانەکەی بە کلینشیت لە یارییەکە بێتە دەرەوە.
دوای ئەم بردنەوەیە، بارسێلۆنا ساڵی 2025 لە پلەی یەکەمدا بە 46 خاڵ کۆتایی پێهێنا و جیاوازی خاڵەکانی لەگەڵ نزیکترین رکابەر 4 خاڵە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ