برای یوسف ئەمین بەهرەمەندێکی دیکەی کوردە لە خولی ئەڵمانیا

22-05-2025
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن ئاریان ئەمین یانەی ئینتراخت هۆکیپلی ئەڵمانی
A+ A-
رووداو هەولێر 

یانەی ئینتراخت هۆکیپلی ئەڵمانی، کە لە خولی پلە سێی ئەڵمانیا یاری دەکات، بەشێوەیەکی فەرمی گرێبەستی لەگەڵ ئاریان ئەمین، ئەستێرەی لاوی کوردی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق واژۆکرد، کە دەکاتە برای یوسف ئەمینی یاریزانی کوردیی هەڵبژاردەی عێراق و یانەی وەحدەی سعودی.
 

یوسف ئەمین، یاریزانێکی کوردی نیودەوڵەتییە، لەئەڵمانیا دەژیت و ئێستا وەک یەکێک لە باشترین یاریزانانی عێراق سەیر دەکرێت. ئەو لەبەر ئاستبەرزیی خۆی لەلایەن یانەی وەحدەی سعودییەوە گرێبەستی لەگەڵ کراوە.

ئاریان ئەمین، تەمەن 18 ساڵ، خەڵکی دەربەندیخانە و برای یوسف ئەمینە،  ئەم یاریزانە لاوە کوردە لە ساڵی 1996ـەوە لەگەڵ ماڵباتەکەی لە شاری کۆڵن لە ئەڵمانیا دەژین، هەر لەو شارەدا لە یانەی ڤیکتۆریا کۆڵن یاریکردووە، دواتر ئاستێکی بەرزی لەگەڵ تیپی لاوانی یانەی ئاخن پێشکەشکردووە. 

یانەی ئینتراخت هۆکیپلی ئەڵمانی بەشێوەیەکی فەرمی لە ماڵپەر و سۆشیال میدیای خۆیدا وێنەی یاریزانە کوردەکەی لە کاتی واژۆکردنی گرێبەستەکەی بڵاوکردەوە و یانەکە نوسیوویەتی "دوای ئەوەی ئێمە نەمانتوانی وەرزی رابردوو لە خولی پلەسێی ئەڵمانیا دڵی هاندەرانمان خۆش بکەین، یەکەم گرێبەستمان هێنانی ئەستێرەیەکی نوێیە و دڵنیاین ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات، متمانەیەکی زۆرمان بە ئاریان ئەمین هەیە کە بەتواناکانی خزمەتی یانەکەمان بکات و لە تیپی یەکەمی یانەکەمان یەکەم گرێبەستی هاوینەمان سەرکەوتوو دەبێت". 
 
ئەو یاریزانە بەهرەمەندە لە هێڵی ناوەڕاست و باڵەکان یاریدەکات، باڵای 180 سانتیمەترە و کێشی 66 کیلۆگرامە.
 
عیماد محەممەد، راهێنەری هەڵبژاردەی لاوانی عێراق زۆر سەرسامە بە تواناکانی و لە دوایین کەمپی راهێنانی هەڵبژاردەکە بایەخێکی زۆری پێدراوە و چاوەڕواندەکرێت هاوشانی براکەی بگاتە ریزی هەڵبژاردەی یەکەم. 
 
ئاریان ئەمین، یاریزانی نوێی یانەی ئینراخت هۆکیپل لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، گوتی "دڵخۆشم بۆ جاری یەکەم لە ئاستی تیپی یەکەم لە ئەڵمانیا یاری دەکەم و گرێبەستەکەم بۆ ماوەی یەک وەرزە، براکەم یوسف و باوکم لەگەڵ دایکم زۆر ئاگایان لەمنە و هاندەری سەرەکیمن".
 
ئەو زیاتر گوتی "بێگومان خەونی گەورەم هەیە و دەمەوێت بە هەمان رێچکەی براکەم ببمە یاریزانێکی پیشەگەر و ببمە مایەی شانازی، ئێستاش هەموو هەوڵێکم دڵخۆشکردنی هاندەرانی یانەی نوێیەکەمە". 
 
ئێستا سێ یاریزانی کورد کە بریتین لە ئاریان ئەمین، مستەفا قابیل لەگەڵ هەڵگورد قەیس لە ریزی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق یاری دەکەن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە