رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایان کردووە کە ئەفسانەی ئەرجەنتینی، لیۆنێل مێسی، کاپتنی یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی، مەرجێکی سەیروسەمەرەی داناوە بۆ ئەوەی لە وەرزی داهاتوودا پەیوەندی بە یەکێک لە یانەکانی خولی رۆشنی سعودییەوە بکات.
کارگێڕیی یانەی هیلالی سعودی بەسەرۆکایەتیی فەهد بن نافل، لە هاوینی 2023 هەوڵی گرێبەستکردنی لەگەڵ مێسی دا لە گواستنەوەیەکی ئازاد و بێبەرامبەردا، ئەمەش دوای کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، بەڵام ئەو بڕیاریدا پەیوەندی بە خولی ئەمریکییەوە بکات لەڕێگەی یانەی ئینتەرمەیامییەوە.
لە چەند کاژێری رابردوودا، چەندین راپۆرت بڵاوبوونەتەوە کە جەخت لەوە دەکەنەوە کە گفتوگۆکان لەگەڵ مێسی بۆ گواستنەوەی بۆ خولی سعودی زۆر بە رژدی دەستییان پێکردووە.
وەلید سەعید، میدیاکاری بەنێوبانگی سعودی، لەسەر پلاتفۆرمی "ئێکس" ئاماژەی بەوە کردووە کە گفتوگۆکان لەنێوان هەردوولادا لە پێشکەوتندان، ئەمەش بەهۆی لێکنزیکبوونەوەی تێڕوانینەکان لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانی ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە و چاوەڕێی دەرەنجامی رۆژانی داهاتوو دەکەین.
لیۆنێل مێسی تاوەکو هاوینی 2025 گرێبەستی لەگەڵ ئینتەرمەیامی هەیە، و ناوی بەگواستنەوە بۆ ریزەکانی یانەی ئەهلی لە وەرزی داهاتوودا بەستراوەتەوە.
لەلایەن خۆیەوە، رۆژنامەڤانی وەرزشی، عەبدولڕەحمان ئەباعود لە لێدوانێکی تەلەڤزیۆنیدا گوتی "مانگێک لەمەوبەر، گفتوگۆی فەرمی لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانی مێسی کراوە، کە باوکیەتی و قبوڵکردنێک هەیە کە دوای جامی جیهانیی یانەکان دەکرێت باس لەم بابەتە بکرێت".
ئەوە هەروەها گوتی "دوو یانەی سعودی هەن کە ئەگەری هەیە پەیوەندی بە یەکێکیانەوە بکات، کە بریتین لە هیلال یان ئەهلی، بەڵام کێشەکە ئەوەیە مێسی دەیەوێت هەمان کاری ئینتەرمەیامی دووبارە بکاتەوە و هاوڕێکانی لەگەڵ خۆی بهێنێت، چونکە یاریزانەکە لە سەرەتاوە مەرجێکی گرنگی داناوە کە پێویستە لویس سوارێزیش لەگەڵ خۆی بباتە ئەو یانەیەی کە یاریی بۆ دەکات".
هەروەها گوتی "بەڵام سەرچاوەکانی من دڵنیای دەکەنەوە کە هیلال سوورە لەسەر ئەوەی کە دەبێت مێسیی تەنیا بۆ خۆی بێت، چونکە پێیوایە خۆی شایستەترینە بۆ بەدەستهێنانی یاریزانەکە، دوای ئەوەی لە هاوینی 2023 هەوڵیدا گرێبەستکی لەگەڵ بکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو".
ئێستا ئینتەرمەیامی خۆی ئامادە دەکات بۆ یارییەکی یەکلاکەرەوە، کە بەرەبەیانی سێشەممەی داهاتوو رووبەڕووی پاڵمێراسی بەرازیلی دەبێتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی گەڕی سێیەم و کۆتایی کۆمەڵەی یەکەم لە جامی جیهانیی یانەکانی 2025.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ