رووداو دیجیتال
دیدێ درۆگبا، هێرشبەری پێشووی هەڵبژاردەی کوتدیڤوار و یانەکانی مارسیلیای فەرەنسی و چێڵسی ئینگلیزی، نهێنییەکی سەیری ژیانی خۆی ئاشکرادەکات و دان بەوەدا دەنێت، کە لە فەرەنسا بووەتە هۆکاری زۆر لە رووداوەکانی هاتوچۆ.
درۆگبا لە کتێبەکەیدا کە لەسەر ژیانی خۆی نووسیوە، چەند نهێنییەکی ژیانی ئاشکرادەکات و باس لەوە دەکات کە ئەوکاتەی یاریزانی یانەی مارسیلیای فەرەنسی بووە، هیچ خۆشییەکی لە ژیانیدا نەبینیوە بەهۆی ناوبانگە زۆرەکەی.

ئەستێرەی کوتدیڤواری لەو کتێبەیدا دان بەوەدا دەنێت کە بە نا ئەنقەست بووەتە هۆکاری زۆر لە رووداوەکانی هاتوچۆ و دەڵێت "خۆم شاهیدی چەندین رووداوی هاتوچۆم لە شەقامەکانی مارسیلیا، کە خۆم هۆکاری روودانیان بوومە، دەزانن چۆن؟ شۆفێری ئۆتۆمبێل لەنێو ئۆتۆمێلدا منی دەبینی لەناکاو ئۆتۆمبێلەکەی رادەگرت بۆ ئەوەی بێتە لای من و وێنەیەکم لەگەڵ بگرێت، چەندینجار ئەو حاڵەتانە رووداوی هاتوچۆیان لێدەکەوتەوە".
دیدێ درۆگبا، زیاتر باسی ژیانی لە فەرەنسا دەکات و دەڵێت "ئەوکاتەی لە مارسیلیا بووم مەحاڵ بوو بتوانم لەگەڵ خێزانەکەم ژەمێک خواردن لە چێشتخانەیەک بخۆم، نەمدەتوانی پیاسەیەکی بازاڕ بکەم، لەبەرئەوەی خەڵکی دەورییان دەدام و داوای وێنە و ئۆتۆگرافیان دەکرد".
دیدێ درۆگبا، یەکێکە لە باشترین یاریزانانی مێژووی ئەفریقا، گۆڵکاری مێژوویی هەڵبژاردەی کوتدیڤوارە، دووجار لە ساڵانی 2006 و 2009 خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەفریقای بەدەستهێناوە، سەردەمی زێڕینی لەگەڵ یانەی چێڵسی ئینگلیزی بەڕێکردووە، کە لەگەڵیدا نازناوی چامپیۆنزلیگ بردووەتەوە. ساڵی 2017 بەیەکجاری وازی لە یاریکردن هێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ