سەرۆکی مارسیلیا: دی برۆینمان ناوێت، چونکە تیپەکەمان وێران دەکات

21-05-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی مارسیلیا یانەی مانچێستەر سیتی کیڤن دی برۆین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یانەی مارسیلیای فەرەنسی رایگەیاندووە یانەکەی ناخوازێت کیڤن دی برۆین بباتە ریزەکانی، پاشئەوەی ئەو ئەستێرەیە وەک بڕیارە، لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا مانچێستەر سیتتی بەجێدەهێڵێت.
 
دی برۆین، پاش 10 ساڵی سەرکەوتن و پڕ لە نازناو، دوێنێ شەو ماڵئاوایی لە هاندەرانی یانەکەی کرد، یانەکە بڕیاریداوە وەک مەزنێک رێزی لێبنێت و لەنێو یاریگەی یانەکەدا، پەیکەرێکی تایبەتی بۆ دروست بکات.
 
پابلۆ لۆنگۆریا، سەرۆکی یانەی مارسیلیای فەرەنسی، بیرۆکەی گرێبەستکردنی یانەکەی لەگەڵ دی برۆین رەتکردەوە، وەک ئەو دەڵێ، "ئەوکارە ناکەین، چونکە دی برۆین هاوسەنگیی تیپەکەمان وێران دەکات".
 
لۆنگۆریا هەروەها دەڵێ، "ئەگەر گرێبەست لەگەڵ یاریزانێک بکەین کە مووچەکەی زۆر بەرزتربێت لە مووچەی ئەو یاریزانانەی خۆمان کە تیپەکەیان سەرخست بۆ چامپیۆنزلیگ، ئیدی هاوسەنگیی تیپەکە تێکدەدەین و هەموو خاڵە پۆزەتیڤەکان لەناو دەبەین".
 
مارسیلیا یەکێکە لەو یانە فەرەنسییانەی بەشداریکردنی لە چامپیۆنزلیگی ساڵی داهاتوو مسۆگەرکردووە، پاشئەوەی پلەی دووەمی لە وەرزی ئەمساڵی خولی فەرەنسادا مسۆگەرکرد، لەپاش پاریس سانجێرمانی پێشەنگەوە.
 
قسەکانی سەرۆکی مارسیلیا، هاوکاتە لەگەڵ ئەو دەنگۆیانەی باس لە ویستی یانەکە دەکەن بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ دی برۆین، بەڵام ئەو سەرۆکە دەڵێ، "ئەگەر ئەوە بکەین، ئەوە بێڕێزییە بەرامبەر یاریزانەکانمان، ئەو یاریزانانەی سەرکەوتوون بۆ چامپیۆنزلیگ و وێرانکردنی ویستی ئەو یاریزانانەیە کە کاری زۆریان بۆ یانەکە کردووە".
 
دی برۆین لە دوایین یاریی مانچێستەر سیتیدا، پێشەوایەتی یانەکەی کرد بۆ بردنەوە لە بۆرنمۆوس 3 - 1 گۆڵ.
 
کیڤن دی برۆین بە یەکێک لە مەزنترین یاریزانی مانچێستەر سیتی لە مێژوودا دادەنرێت، پاشئەوەی پێشەوایەتیی یانەکەی کرد بۆ بردنەوەی 16 نازناو، لە نێویاندا 6 نازناوی پرێمەرلیگ و چامپیۆنزلیگی 2022 - 2023.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە