لاپۆرتا بۆ هێشتنەوەی چاڤی بەڵێنی دوو گرێبەستی پێداوە

23-04-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن چاڤی خوان لاپۆرتا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، دیارییەکی بەنرخ بۆ چاڤی هێرناندێزی راهێنەری یانەکەی ئامادە دەکات ئەگەر بڕیار بدات بۆ وەرزێکی دیکە لەگەڵ بارسا بمێنێتەوە.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، چاڤی زۆر کراوەیە بۆ مانەوەی لەگەڵ بارسێلۆنا لە وەرزی داهاتوودا.
 
کارگێڕیی بارسێلۆنا بە سەرۆکایەتی خوان لاپۆرتا کاردەکات بۆ پێشکێشکردنی دیارییەک بۆ چاڤی، لە رێگەی گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانە دیارەکان، بۆ بەهێزکردنی پێکهاتەی ئێستای بارسا بۆ وەرزی داهاتوو.
 
رۆژنامە ئیسپانییەکە ئاشکراشیکردووە، یەکەم گرێبەستی بارسێلۆنا لەگەڵ گویدۆ رۆدریگێزی ئەستێرەی یانەی ریال بێتیس دەبێت کە چاڤی زۆر سەرسامە بە تواناکانی ئەو یاریزانە.
 
ئەو سەرچاوەیە زیاتر باسی ئەو یاریزانە دەکات و دەڵێت "ئێستا گرێبەستکردن لەگەڵ رۆدریگێز ئاسانتر دەبێت، چونکە گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال بێتیس لە هاوینی داهاتوودا کۆتایی دێت، و ئەو دەتوانێت وەک گرێبەستێکی بێبەرامبەر پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی کەتەلۆنییەوە بکات".
 
بە گوێرەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ، گرێبەستی دووەم کە لاپۆرتا بۆ چاڤی ئامادەی دەکات، دانی ئۆلمۆی ئەستێرەی یانەی لایپزیگە، کە پێشتر بارسێلۆنا هەوڵیداوە ئەو یاریزانە ئیسپانییە بباتە ریزەکانی.
 
سەرچاوەکانی نزیک لە بلاوگرانا باس لەوە دەکەن کە دیکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی بارسێلۆنا، لە ئێستاوە دەستیکردووە بە جوڵە بۆ یەکلاییکردنەوەی گرێبەستی ئۆلمۆ، چونکە هەفتەی رابردوو لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانەکە کۆبووەتەوە.
 
مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ ئاشکرایکردووە کە گەڕانەوەی بارسێلۆنا بۆ یاریکردن لەنێو بۆ کامپ نوی نوێ، هاندەرێکی دیکە دەبێت بۆ مانەوەی چاڤی لەگەڵ بارسێلۆنا.
 
چاڤی هێرناندێز، پێشتر رایگەیاندووە کە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا لە بارسێلۆنا دەڕوات، تەنانەت دوای ئەوەی بەر لە دوو رۆژ یاریی کلاسیکۆی بە ریال مەدرید دۆڕاند، هەمووان پێشبینیان دەکرد ئەو دۆڕانە چاڤی زیاتر هان بدات بۆ رۆیشتن، بەڵام بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، میدیاکانی ئیسپانیا باس لەوە دەکەن کە چاڤی خەریکە بۆچوونەکەی دەگۆڕێت و بڕیاری مانەوەی لە بارسێلۆنا دەدات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە