چاڤی داواکارییەکی لاپۆرتا رەتدەکاتەوە

30-03-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن چاڤی خوان لاپۆرتا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، لێدوانێکی لەسەر لێدوانەکەی ئەم دواییەی خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانە کەتەلۆنییەکە دا، کە تێیدا سەرۆکی بارسا هیوا دەخوازێت راهێنەرە ئیسپانییەکە بۆ وەرزێکی دیکە لەگەڵ یانەکەی بەردەوام بێت.
 
چاڤی چەند هەفتەیەک لەمەوبەر وازهێنانی لە راهێنەرایەتی یانەی بارسێلۆنا راگەیاند و گوتی، دوای کۆتاییهاتنی وەرز دەستبەرداری پۆستی راهێنەری بارسێلۆنا دەبێت. دواتر خوان لاپۆرتا رایگەیاندە کە حەزدەکات چاڤی لەگەڵ بارسێلۆنا بەردەوام بێت.
 
چاڤی لە لێدوانێکدا کە رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی تیشکی خستووەتە سەری، گوتی "بڕیارەکە پێشتر دراوە، من و ستافی تەکنیکیم زۆر سوپاسگوزارین بۆ قسەکانی سەرۆک سەبارەت بە خواستی بەردەوامبوونمان".
 
ئاماژەی بەوەشکرد "متمانەیەکی زۆر هەیە، چ لەگەڵ دیکۆ یان لاپۆرتا، ئێمە پەیوەندییەکی دۆستانەمان لەگەڵیان هەیە، پێموایە هیچ شتێک ناگۆڕێت، و ئەمە بە باشترین بڕیار بۆ یانەکە دەزانم، منیش بۆ هەمیشە سوپاسگوزار دەبم".
 
لیستی بەربژێرانی راهێنەرایەتی یانەی بارسێلۆنا بۆ وەرزی داهاتوو، کە یەکێکیان دەبێتە شوێنگرەوەی چاڤی، بریتین لە: هانسی فلیکی ئەڵمانی، رۆبێرتۆ دی زێربی، راهێنەری یانەی برایتنی ئینگلیزی و تۆماس توخێلی راهێنەری یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی.
 
یانەی بارسێلۆنا ئامادەکاری کردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی لاس پاڵماس، کە ئەمڕۆ لەسەر یاریگەی ئۆڵیمپی لویس کۆمپانیس بەرێوەدەچێت و یارییەکە لە چوارچێوەی یارییەکانی لە گەڕی 30ـی لالیگایە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە