رووداو دیجیتاڵ
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی پەسنی توانای یاریزانەکانیدا پاش بردنەوەیان لە ئاستۆن ڤێلا بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک، دووپاتیکردەوە رکابەریی لە پرێمەرلیگ گەیشتووەتە ئاستێکی تۆقێنەر.
راهێنەرە ئیسپانییەکە، دووپاتیکردەوە یانەکەی کەسایەتیی پاڵەوانی پێشاندا لە سەختترین بارودۆخدا. وایدانا وەرزەکە ئاڵۆز و رکابەریی تێیدا شێتانە و تۆقێنەربوو.
لە یارییەکەدا، مانچێستەر سیتی تاوەکو خولەکی چواری کاتی زیادکراو بەگۆڵێک لەگەڵ ئاستۆن ڤێلا یەکسانبوو، تاوەکو ماتیۆس نونیێز گۆڵی سەرکەوتنی بۆ یانەکەی تۆمارکرد.
گواردیۆلا دوای یارییەکە گوتی، زۆر دڵخۆشم بەوەی بەدەستمان هێنا، ئێمە گەیشتووینە دوا مەترەکانی وەرزەکە و لەنێو چوار پێشەنگەکەی خولەکەداین، هەروەها رکابەرێکی سەرەکین لەسەر بەدەستهێنانی کورسییەکی چامپیۆنزلیگ.
پێپ رێزی بۆ ئاستۆن ڤێلا پێشاندا و گوتی، ئەوان تیپێکی زۆر بەهێزن، لەنێو باشترینەکانی ئەورووپادان، تاوەکو دوایین کەس دەجەنگن و بردنەوە لێیان کارێکی ئاسان نییە.
فەیلەسووف پەسنی توانای یاریزانەکانیدا و گوتی، "بەباشی یارییمانکرد، دڕندانە جەنگیان لە رووبەڕووبوونەوەی یاریزانای ئاستۆن ڤێلا، هەروەها ئاستی هێڵی پشتەوەمان زۆر باشبوو".
پێپ چاوی خستە سەر لایەنی دەروونیی تیپەکەی و گوتی، "تۆپی پێ هەستە، هاندەران، یاریزانان و هەمووان هەست بەگوشاری گەورە دەکەن لەپێناو گەیشتن بەچامپیۆنزلیگی ساڵی داهاتوو، بەڵام یاریزانەکان ئاستی نایابیان پێشاندا، شانازییان پێوە دەکەم".
گواردیۆلا بەتایبەت باسی لە ئاستی جیریمی دوکۆی لاباڵی تیپەکەی کرد و گوتی، "دوکۆ باوەڕپێنەکراوبوو، ئەو لە یەک بەرکەوتندا دەتوانێت هەل دروست بکات، خێراییەکی باوەڕپێنەکراوی هەیە، هەروەها لە شوێنی زۆر باشدا دەوەستێت لە ناوچەی سزا.. تۆپی پێ بەو شێوەیەیە، دەزانی کە دەبێ لەگەڵ بێئومێدییەکاندا بژیت، بەڵام ئێمە ئەمڕۆ ئاستێکی زۆرباشمان هەبوو".
گواردیۆلا هەروەها دەڵێ، "وەرزەکەمان باشنەبوو، ئەمە راستییەکەیە و دەبێ قبووڵی بکەین. خولی ئینگلیزی تاکە خاڵە بۆ دڵخۆشبوونی ئێمە. هەندێکجار بەوەرزی زەحمەتدا تێدەپەڕین، لە کاتێکدا رکابەری لە پرێمەرلیگ ئێستا شێتانەیە و ئاستی ئینگلتەرا زۆر تۆقێنەر بووە".
بەسەرکەوتن بەسەر ئاستۆن ڤێلا، مانچێستەر سیتی بۆ پلەی سێیەمی ریزبەندی گشتیی خولەکە سەرکەوت، بەکۆکردنەوەی 61 خاڵ و بەجیاوازیی پێنج خاڵ لە دوای ئارسیناڵەوە، لە کاتێکدا رکابەرییەکانی خولەکە تەنیا چوار گەڕی ماوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ