رووداو دیجیتاڵ
مارکۆس راشفۆرد، یاریزانی نوێی بارسێلۆنا جەستەی خۆی بە تاتۆ کردووەتە نەخشەیەک بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکانی ژیانی، رێزگرتن لە رەچەڵەکی و پیشاندانی باوەڕەکانی. هەر تاتۆیەکی سەر جەستەی ئەم یاریزانە ئینگلیزە واتایەکی تایبەت و چیرۆکێکی گرنگی لەپشتەوەیە.
رەگەکان و پاڵەوانە مێژووییەکان
لەسەر پشتی راشفۆرد نەخشەیەکی جیهان هەیە، لەگەڵ وشەی Roots بە واتای (رەگەکان)، هەروەها رەنگەکانی ئاڵای وڵاتی سانت کیتس و نیڤیس کە شوێنی لەدایکبوونی دایکیەتی.
هەر لەسەر پشتی، وێنەی چەندین کەسایەتیی کاریگەری مێژوویی کێشاوە، لەوانە نێڵسۆن ماندێلا، مالکۆم ئێکس، محەممەد عەلی و بۆب مارلی، کە وەک کەسایەتیی کلیلی و گرنگ لە مێژوودا سەیریان دەکات.
سوپاسگوزاری بۆ خودا و رێگا سەختەکان
لەسەر سنگی لای راستیی راشفۆرد نووسینێک هەیە کە سوپاسگوزاریی خۆی بۆ خودا دەردەبڕێت، تێیدا هاتووە "کەس ناتوانێت حسابم لەگەڵ بکات، تەنیا خودا نەبێت. پێویستت بە خەمە بۆ دۆزینەوەی دڵخۆشی.. خودا لە ژیاندا دەتخاتە سەر رێگەیەک، بۆیە متمانە بکە، باوەڕبکە و بیرت بێت کە هەموو رێگا سەختەکان کە پێیدا تێپەڕیوم، دەیانبەم بۆ جوانترین چارەنووس".
هەڵوێستی مرۆیی و وەفاداری بۆ یانەکەی
لەسەر جەستەی، وێنەی وەرزشکارە ئەمریکییە ئەفریقییەکان، تۆمی سمیس و جۆن کارلۆسی کێشاوە، کاتێک لەسەر سەکۆی ئۆڵۆمپیادی مەکسیكۆی 1968، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە هەژاریی رەشپێستەکان لە ئەمریکا، مستیان بەرزکردەوە.
هەروەها وێنەی باڵەخانەکانی بنکە وەرزشییەکانی مانچێستەر یونایتدی کێشاوە، کە گوزارشتە لە گەیشتنی بە تیپی یەکەم و تۆمارکردنی گۆڵ لە یەکەم یارییدا.
ژمارە درێسەکان
ژمارەکانی 39، 19 و 10 ئەو ژمارانەن کە راشفۆرد لە ماوەی کاروانی وەرزشیدا لەگەڵ مانچێستەر یونایتد پۆشیویەتی و یادگاریی تایبەتیان لای ئەو هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ