رووداو دیجیتاڵ
خواکین فینێکس، ئەکتەری ناسراوی هۆڵیوود و براوەی خەڵاتی ئۆسکار بۆ فیلمی "Joker"، لەبارەی دۆخی غەززە رایگەیاند، هیچ پاساوێک نییە بۆ ئەوەی منداڵان لە ململانێیەکدا لە برساندا بمرن.
فینێکس لە میانی بەشداریکردنی لە پۆدکاستی "This Past Weekend"، ستایشی تیۆ ڤۆنی کۆمیدیکاری کرد بۆ قسەکردنی "ئازایانە" لەسەر دۆخی غەززە و رایگەیاند، هۆکاری سەرەکیی هاتنی بۆ پۆدکاستەکە، ئەو هەڵوێستەی ڤۆن بووە.
فینێکس بە روونی بە ڤۆنی گوت: "بەڕاستی ئەمڕۆ لێرەم چونکە زۆر کاریگەربووم بەوەی کە تۆ باست کرد و ئازایەتیت لەو کارەدا". گوتیشی: "ئەوەی روودەدات زۆر ترسناکە... هیچ پاساوێک نییە بۆ ئەوەی منداڵان لە ململانێیەکدا لە برساندا بمرن".
رۆژی 26ی ئایاری ئەم ساڵ دامەزراوەی مرۆیی غەززە کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتیدەکرێت دەستی بە گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بە غەززەییەکان کرد.
دابەشکردنی هاوکارییەکان لەلایەن ئەو رێکخراوەوە دوای ئەوەی نزیکەی دوو مانگ بوو هیچ هاوکارییەک نەگەیێندرابووە کەرتەکە. لەو ماوەیەدا بەرپرسانی ئیسرائیل دەیانگوت، بەبێ دامەزراندنی رێکخراوێکی لەو جۆرە رێگە بە گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە غەززە نادەن چونکە حەماس هاوکارییەکان "دەدزێت".
ئەمە یەکەمجار نییە خواکین فینێکس هەڵوێستی توند دژی ئیسرائیل نیشان دەدات. لە 2023 داوای ئاگربەستی کردبوو بەبێ ئاماژەدان بە هێرشەکانی حەماس، هەروەها واژۆی لەسەر نامەیەکی فێستیڤاڵی کان کردبوو، تێیدا ئیسرائیل بە ئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل تۆمەتبار کرابوو.
دەرکەوتنەکەی فینێکس جارێکی دیکە مشتومڕی لەسەر رۆڵی هونەرمەندان لە پرسە سیاسییە ئاڵۆزەکاندا هێناوەتە ئاراوە، ناکۆکیی نێوان گێڕانەوە جیاوازەکانی شەڕی غەززەی قوڵتر کردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ