رووداو دیجیتاڵ
هەمان تەنگژەکەی چاڤی، راهێنەری پێشووی بارسێلۆنا رووبەڕووی هانزی فلیکی راهێنەری ئێستای ئەو یانەیە بووەتەوە و ئێستا راهێنەرە ئەڵمانییەکە رووبەڕووی دۆخێکی سەخت دەبێتەوە.
هانزی فلیکی ئەڵمانی، رووبەڕووی دەستپێکێکی سەخت دەبێتەوە لەگەڵ بارسیلۆنا، نەک لەسەر ئاستی ئەنجامەکان، چونکە لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەئەنجامی 3-0 لە مایۆرکای بردەوە لە سەرەتای هەڵمەتی بەرگریکردن لە نازناوی لالیگا، بەڵکو لەسەر ئاستی لیستی تیپەکە و ژمارەی یاریزانە بەردەستەکان.
بەهۆی قەیرانە داراییە سەختەکەی بارسێلۆنا و نەبوونی توانای ئەنجامدانی گرێبەست بۆ پڕکردنەوەی کەلێنەکانی نێو لیستەکەی و سەختیی تۆمارکردنی گرێبەستە نوێیەکان و یاریزانان بەهۆی یاسای بنمیچی مووچە و یاسای یاریی دارایی خاوێنەوە، راهێنەرە ئەڵمانییەکە خۆی لە تەنگژەیەکدا دەبینێتەوە.
لیستی یانەی بارسێلۆنا بۆ وەرزی 2025-2026 تەنیا 3 گۆڵپارێز و 17 یاریزانی دیکە لەخۆدەگرێت، کە بریتین لە: 6 بەرگریکار، 6 یاریزانی هێڵی ناوەڕاست و 5 هێرشبەر.
فلیک هێشتا چاوەڕێی تۆمارکردنی گۆڵپارێزی پۆڵەندی چێزنی و بەرگریکار جیرارد مارتن دەکات، بەڵام گۆڵپارێزی ئەڵمانی تێرشتیگن پێکراوە و پێش ساڵی نوێ ناگەڕێتەوە، لە کاتێکدا گۆڵپارێز ئینیاکی پینا لەم گواستنەوەی هاوینەیەدا ریزەکانی بلاوگرانا جێدەهێڵێت.
لە هێڵی بەرگریدا، ئینیگۆ مارتینێز پەیوەندی بە یانەی نەسڕی سعودییەوە کرد، هەروەها یاریزانی هێڵی ناوەڕاست پابلۆ تۆرێ چووە مایۆرکا، و هەردوو هێرشبەر، پاو ڤیکتۆر و ئانسۆ فاتیش ریزەکانی یانەکەیان جێهێشتووە.
راهێنەرە ئەڵمانییەکە ژمارەی یاریزانانی کەمترە لەچاو وەرزی رابردوو، کە تێیدا سێ نازناوی ناوخۆیی بەدەستهێنا: لالیگا، جامی شا و جامی سوپەری ئیسپانیا.
سەرەڕای ئەوەی هانزی فلیک متمانەی بە یاریزانانی لاماسیا هەیە و لیستی ئێستای بە کێبڕکێکارتر دەزانێت، بەڵام خۆی لە هەمان دۆخی راهێنەری پێشوو، چاڤی هێرناندێزدا دەبینێتەوە لە وەرزی 2023-2024.
سەرەڕای گەشبینییەکە، چارەنووسی ئەفسانەکەی پێشووی بارسێلۆنا هەڕەشە لە راهێنەرە ئەڵمانییەکە دەکات، چونکە لە وەرزی 2023-2024 چاڤی شکستی هێنا لە بردنەوەی نازناوەکان و لە کۆتایی وەرزەکەدا پۆستەکەی جێهێشت و شوێنەکەی بۆ راهێنەری ئێستا بەجێهێشت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ