رووداو دیجیتاڵ
ئارسین ڤینگەر، راهێنەری پێشووی یانەی ئارسیناڵ بە پەیامێک هاندەرانی ریال مەدرید دەترسێنێت و خاڵی لاوازی یانەی شاهانە ئاشکرا دەکات بۆ پێش یاریی کلاسیکۆ.
ئارسین ڤینگەری فەرەنسی، راهێنەری پێشووی یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی، خاڵێکی لاوازی ریال مەدرید ئاشکرا دەکات کە هەڕەشە لەو یانەیە دەکات لە یاریی کلاسیکۆدا بەرامبەر بارسێلۆنا، کە بڕیارە یەکشەممەی داهاتوو لە گەڕی دەیەمی خولی ئیسپانیا ئەنجام بدرێت.
ریال مەدرید بە دوو خاڵ پێش بارسێلۆنای دووەم و پاڵەوانی وەرزی رابردوو، پێشەنگی ریزبەندیی لالیگای گرتووە.
ڤینگەر لە لێدوانێکدا لەبارەی ئەو یارییەوە دووپاتیکردەوە کە ریال مەدرید دەبێت وریابێت پێش یاریی کلاسیکۆ و گوتی "یارییەکەی بەرامبەر یوڤێنتوسی ئیتاڵی لە چامپیۆنزلیگدا هەندێک کێشەی روونی لە پێکهاەتی ئەلۆنسۆ و شێوازی یاریکردنی یاریزانەکانی دەرخست".
ریال مەدرید شەوی چوارشەممەی رابردوو لە گەڕی سێیەمی چامپیۆنزلیگدا بە گۆڵێکی بێ بەرامبەر لە یوڤێنتوسی بردەوە، بەڵام یانە ئیتاڵییەکە بەدرێژایی یارییەکە چەندین جار گەیشتە گۆڵی ریال مەدرید و بەهۆی تیبۆ کۆرتوای گۆڵپارێزەوە نەبووایە ئەنجامەکە بەشێوەیەکی دیکە دەبوو.
راهێنەری پێشووی ئارسیناڵ ئاماژەی بەوەدا کە ریال مەدرید خاڵێکی لاوازی گەورە و دیاری هەیە کە بریتییە لە لاوازی لە جێبەجێکردنی گوشاردا کاتێک تۆپ لەدەست دەدات.
روونیشیکردەوە کە یانەی شاهانە پشت بە ئاستی تاکەکەسی هەندێک یاریزانی دەبەستێت وەک تیبۆ کۆرتوای گۆڵپارێز ، ڤینیسیۆس جونیۆر و کیلیان ئێمبابێ، و جەختی لەوە کردەوە کە چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری ریال مەدرید پێویستی بە چاککردنەوەی خێرا هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت لە کلاسیکۆدا رووبەڕووی بارسێلۆنا ببێتەوە و رکابەری ئەو یانەیە بکات.
راهێنەرە فەرەنسییە بەنێوبانگەکە پێشنیازی ئەوەشی کرد کە ریال مەدرید دەبێت لەسەر ئاستی بەکۆمەڵ باشتر یاری بکات لەبری تیشک خستنە سەر لایەنە تاکەکەسییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ