رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی هەندێک سەرچاوەی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا، ئایندەی جود بێلینگهامی ئەستێرەی ئینگلیزی لەگەڵ یانەی شاهانە لە مەترسیدایە و دەڵێن "دوو یاریزانی لاو دژی مانەوەی بێلینگهامن لە ریال مەدرید!".
جود بێلینگهام، ئەستێرە لاوە ئینگلیزییەکە، ئێستا بەیەکێک لە دیارترین یاریزانانی ریال مەدرید دادەنرێت، بەڵام دۆخەکە لەنێو ژووری جلگۆڕیندا لەوانەیە وەک ئەوە نەبێت کە دەردەکەوێت.
وەک ئەو سەرچاوانەی نزیک لە ریال مەدرید باسی دەکەن، جود سەرەڕای ئەوەی یاریزانێکی سەرەکییە لە پێکهاتەکەی چابی ئەلۆنسۆ، بەڵام دوو یاریزانی لاو لە تیپەکەدا دژی بوونی ئەون لە یاریگەدا، کە ئەمەش لەوانەیە کاریگەری لەسەر ئایندەی هەبێت لە تیپەکەدا.
فرانكۆ ماستانتونۆی یاریزانی ئەرجەنتینی، کە هاوینی رابردوو پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە کرد، بووەتە یەکێک لە توخمە سەرەکییەکان لە پلانەکانی راهێنەردا، هەرچەندە هێشتا بەتەواوی خۆی نەگونجاندووە. لەگەڵ گەڕانەوەی بێلینگهام لە پێکانەکەی شانیدا، ماستانتۆنۆ پێگە سەرەکییەکەی لە پێکهاتەکەدا لەدەستدا، ئەمەش بە تووندی تووڕەی کردووە، چونکە هیوای وابوو لە پێکهاتەی سەرەکیدا بەردەوام بێت.
سەبارەت بە ئاردا گولەر، ئەستێرە لاوە تورکەکە، دۆخەکە جیاوازە. سەرەڕای درەوشانەوەی لە سەرەتای وەرزدا، بەڵام بوونی بێلینگهام لە تەنیشتی لە یاریگەدا هەندێک نیگەرانی بۆ دروستکردووە، چونکە پێیوایە هەماهەنگی نێوانیان لە هێڵی ناوەڕاستدا لەوانەیە نموونەیی نەبێت، ئەمەش لەوانەیە کاریگەری نەرێنی هەبێت لەسەر ئاستی تیپەکە لە یارییە گەورەکاندا.
جگە لەمانە، ئاستە ناجێگیرەکەی بێلینگهامیش لەم وەرزەدا جێگەی مشتومڕە. سەرەڕای ئەوەی گۆڵی گرنگی تۆمارکردووە، بەڵام ئاستی جێگیر نەبووە. کە دوای پێشکێشکردنی ئاستێکی باش لە هەندێک یارییدا، لە هەندێکی دیکەدا تووشی پاشەکشە بووە، ئەمەش پرسیاری دروستکردووە دەربارەی رۆڵە سەرەکییەکەی لە پێکهاتەکەدا.
ئێستا پرسیارەکان لەسەر ئەوەن کە ئایا جود بێلینگهام تاوەکو چەند دەتوانێت پارێزگاری لە شوێنەکەی بکات لە پێکهاتەی سەرەکی ریال مەدرید لە سایەی ئەم ئاڵنگارییە نوێیەی هاوڕێکانی لە تیپەکەدا. ئایا لە سەرکەوتن بەسەر رکابەرەکانیدا بەردەوام دەبێت یان گرژییەکانی نێو ژووری جلگۆڕین رێڕەوی کاروانەکەی لەگەڵ تیپەکە دەگۆڕێت؟!.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ