سەرۆکوەزیرانی عێراق یاریزانان و ستافی یانەی دهۆکی خەڵات کرد

24-04-2025
سیروان عەباس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆشکی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران لە بەغدا پێشوازی لە یاریزانان و ستافی یانەی دهۆک کرد، کە توانی خولی پاڵەوانێتی کەنداوی عەرەبی 2025 بباتەوە.
 
بەپێی راگەیاندنی نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، لەم دیدارەدا سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق و راوێژکاری سەرۆکوەزیران ئامادەبوون.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سوودانی ستایشی ئەم دەستکەوتە وەرزشییەی یانەی دهۆکی کرد و خەڵاتی یاریزانان و ستافی هونەری و کارگێڕی یانەکەی کرد بەهۆی ئەم سەرکەوتنە، کە ئەنجامی پلاندانان و کاری بەردەوام بووە.
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی "پشتگیری وەرزش بەتایبەت تۆپی پێ، بەردەوام دەبێت بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی باشتر".
جەختی کردەوە کە "وەرزش رۆڵی هەیە لە یەکخستنی کۆمەڵگە و بەرزکردنەوەی هەستی نیشتمانی"، لەگەڵ گرنگیدان بە پلاندانانی باش بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی یانەکان و نوێنەرایەتی باشتری عێراق لە بۆنە نێودەوڵەتییەکاندا.
 
عەبدوڵڵا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک دوای دیداری سەرۆکوەزیرانی عێراق بە رووداو ی راگەیاند، داوایان لە سوودانی کردووە پشتگیری دارایی یانەکانی کوردستان لە خولی عێراق بکەن، هاوشێوەی پشتگیرییان بۆ یانەکانی دیکەی عێراق.
 
یانەی دهۆک رۆژی 15ـی نیسانی 2025 دوای بردنەوەی یاریی گەڕانەوەی کۆتایی جامی کەنداو لە یانەی قادسیەی کوێتی، بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک وەکو یەکەم یانە لە مێژووی کوردستان و عێراقدا بووە پاڵەوان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە