رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی تیپی پیاوانیان لە قۆناخی پێشکۆتاییدا ماڵئاواییان لە چامپیۆنزلیگ کرد، هەردوو تیپی خانمانی بارسێلۆنا و ئارسیناڵ ئەمڕۆ لە شاری لیسبۆن لە پۆرتوگال یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی خانمان دەکەن بۆ رکابەریکردن لەسەر نازناوەکە.
خانمانی بارسێلۆنا ئامانجیان ئەوەیە بۆ سێیەمجار لەسەریەک نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بەدەستبهێنێت و چوارەم نازناوی ئەورووپیش لە ماوەی پێنج ساڵدا بەدەستبهێنن.
بارسا هەوڵدەدات پێگەی خۆی وەک هێزێکی باڵادەست لە تۆپی پێی خانمانی ئەورووپادا بسەپێنێت، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتایی ساڵی رابردوودا بەسەرکەوتوویی بەرگری لە نازناوەکەی کرد و لە لیۆنی بردەوە.
بارسێلۆنا پشت بە دوو ئەستێرەکەی دەبەستێت کە بریتین لە ئایتانا بۆنماتی و ئەلێکسیا پوتێلاس کە پێشتر هەردووکیان خەڵاتی باڵۆندۆریان بۆ باشترین خانمە یاریزانی جیهان بەدەستهێناوە.
هەروەها یانە کەتەلۆنییەکە شانازی بەکۆمەڵێک ئەستێرەوە دەکات کە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا نازناوی جامی جیهانی خانمانیان بەدەستهێناوە، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتایی جامی جیهانی 2023 لە ئینگلتەرایان بردەوە.
بارسێلۆنا ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی شەشەم یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە ماوەی حەوت وەرزدا ئەنجام بدات، هەروەها پێنجەمی لەسەریەک.
بارسا دەرفەتی ئەوەی هەیە ببێتە تاکە تیپ هاوشانی لیۆن، سێ ساڵ لەسەریەک نازناوی چامپیۆنزلیگ بەدەستبهێنێت.
ئەمە لەکاتێکدایە کە تیپە ئینگلیزییەکە خەونی ئەوەیە سوپرایزێکی دیکە بەدەستبهێنێت بە بەدەستهێنانی دووەم نازناوی کیشوەری لە مێژووی خۆیدا.
بارسێلۆنا خاوەنی باشترین ئامارەکانە لەنێو سەرجەم یانە بەشداربووەکانی پاڵەوانێتییەکەدا، زۆرترین گۆڵی تۆمارکردووە کە 44 گۆڵە، لەکاتێکدا ئارسیناڵ 25 گۆڵی هەیە، هەروەها خاوەنی زۆرترین رێژەی کۆنترۆلی تۆپە و باشترین رێژەی لە وردی پاسدان هەیە و زۆرترین هەوڵی لێدانی هەیە.
کلۆدیا پێنا هێرشبەری یانەی بارسێلۆنا بەتۆمارکردنی 10 گۆڵ پێشەنگی ریزبەندیی گۆڵکارانی ئەم وەرزەی پاڵەوانێتییەکەی گرتووە و بە سێ گۆڵ پێش نزیکترین رکابەرەکانی کەوتووە، ئەوانیش ماریۆنا کالدێنتی و ئەلیسیا روسۆدۆ، یاریزانانی ئارسیناڵ.
هەروەها بۆنماتی و هاوڕێیەکەی باترێ گویخارۆ پێشەنگی لیستی ئەو یاریزانانەن کە لەم وەرزەدا زۆرترین ئەسیستیان لە پاڵەوانێتییەکەدا کردووە و هەریەکەیان پێنج ئەسیستیان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ