ئەستێرەیەکی پێشووی پاریس سانجێرمان تووشی نەخۆشییەکی مەترسیدار دەبێت

24-08-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن سێرج ئۆریێ هەوکردنی جگەری ڤایرۆسی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

نەخۆشییەکی پەتایی مەترسیدار ئەستێرەی پێشووی پاریس سانجێرمان بۆ ماوەی 6 مانگ لە یاریگاکان دووردەخاتەوە.
 
سێرج ئۆریێی ئەستێرەی کۆتدیڤواری، کە بەم دواییانە پەیوەندی بە یانەی پێرسپۆلیسی ئێرانییەوە کردووە، لە سەرەتای ئەزموونەکەیدا تووشی شۆکێکی گەورە بوو، ئەمەش دوای ئەوەی پشکنینە پزیشکییەکان دەریانخست کە تووشی نەخۆشیی هەوکردنی جگەری ڤایرۆسی جۆری Bـی مەترسیدار بووە، بەپێی ئەو راپۆرتە هەواڵییانەی کە ئەمڕۆ هەینی بڵاوکرانەوە.
 
سێرج ئۆریێ، ئەستێرەی پێشووی یانەکانی پاریس سانجێرمان، تۆتێنهامی ئینگلیزی و گاڵاتەسەرای تورکی، خۆی ئامادە دەکرد بۆ دەستپێکردنی یەکەم ئەزموونی پیشەگەریی خۆی لە خولی ئێرانیدا لەگەڵ پێرسپۆلیس، بەڵام سەرچاوە میدیاییەکان جەختیان لەوە کردەوە کە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە بۆ ئەنجامدانی پشکنینە پزیشکییەکان، کە دەریانخستووە ئەو یاریزانە تووشی ئەم نەخۆشییە مەترسیدارە بووە.
 
سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی پێرسپۆلیسەوە رایانگەیاندووە، سێرج ئۆریێ، کە لە یەکی ئەم مانگەدا گرێبەستی لەگەڵ یانەی پێرسپۆلیس، یەکێک لە گەورەترین یانەکانی ئێران، واژۆکردووە، بەبڕیاری یەکێتیی تۆپی پێی ئێران بۆ ماوەی 6 مانگ لە یاریگاکان دووردەکەوێتەوە.
 
بەگوتەی پزیشکی یانەی پێرسپۆلیس، سێرج ئۆریێ چەندین ساڵە تووشی ئەم جۆرە نەخۆشییە درێژخایەنەی هەوکردنی جگەری ڤایرۆسی B بووە، بەڵام کەمیی دەرمان وایکردووە ڤایرۆسەکە بگەڕێتەوە بۆ ئاستێکی بەرز، بەجۆرێک کە لە یەکێک لە پشکنینەکاندا ئەنجامەکەی پۆزەتیڤ دەرچووە.
 
بەپێی هەمان سەرچاوەکان، پزیشکەکان رایانگەیاندووە کە تووشبوونی ئەم ئەستێرەیە (کە ساڵی رابردوو لەگەڵ هەڵبژاردەی کۆتدیڤوار نازناوی جامی نەتەوەکانی ئەفریقای بەدەستهێنا) بەم نەخۆشییە مەترسیدارە، دەبێتە هۆی دوورخستنەوەی دەستبەجێی لە تیپەکە، ئەمەش لە ترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لەنێو یانەی پێرسپۆلیسدا.
 
بەگوتەی پزیشکەکان، یاریزانە کۆتدیڤوارییەکە بۆ ماوەی شەش مانگ پشوو وەردەگرێت و لە یاریگاکان دووردەکەوێتەوە، دوای ئەوەی لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی ئێرانەوە رێگری لێکرا لە بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکاندا.
 
سێرج ئۆریێ، کە بە یەکێک لە باشترین بەرگریکارەکانی مێژووی تۆپی پێی کۆتدیڤوار دادەنرێت، لەگەڵ چەندین یانەی ئەورووپی یاریکردووە، لەوانەش پاریس سانجێرمان و لانس لە فەرەنسا، ڤیاریاڵی ئیسپانی، گاڵاتەسەرای تورکی و تۆتێنهامی ئینگلیزی.
 
لەم مێرکاتۆی ئەم هاوینەیەدا، یاریزانە تەمەن 34 ساڵانەکە بە گرێبەستێکی یەک وەرزی پەیوەندی بە یانەی پێرسپۆلیسی ئێرانییەوە کرد، بەڵام تووشبوونی بەم نەخۆشییە پەتاییە مەترسیدارە دەستپێکردنی لەگەڵ تیپەکەدا لە یەکەم ئەزموونی پیشەگەریدا لە ئاسیا دوادەخات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە