تێباس هۆکاری شکستهێنانی لامین لە بردنەوەی باڵۆندۆر ئاشکرا دەکات

24-09-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن خاڤێر تێباس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

خافيير تێباس، سەرۆکی لالیگای ئیسپانیا، پێیوایە لامين يامال، ئەستێرەی بارسێلۆنا، بەهۆی تەمەنییەوە لە بردنەوەی خەڵاتی تۆپی ئاڵتوون بێبەش کرا، بەڵام دڵنیایە کە یاریزانە لاوەکە بەمزووانە خەڵاتەکە بەدەستدەهێنێت.
 
یامال کە لە مانگی تەممووزی رابردوو تەمەنی گەیشتە 18 ساڵ، لە پێشبڕکێی بردنەوەی باڵۆندۆردا پلەی دووەمی بەدەستهێنا و دوای ئەوەی عوسمان دێمبڵی، هێرشبەری پاریس سان جێرمان، پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و خەڵاتەکەی بردەوە.
 
ئەستێرە لاوەکەی بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی ئیسپانیا مێژووی تۆمارکرد، دوای ئەوەی بووە تاکە یاریزان کە دوو جار خەڵاتی "کۆپا" بەدەستبهێنێت، کە خەڵاتێکە تایبەتە بە باشترین یاریزانی خوار 21 ساڵ.
 
خاڤێر تێباس لەبارەی رێوڕەسمی باڵۆندۆرەوە گوتی: "ئەگەر تەمەنی لامین یامال لە 23 ساڵ زیاتر بووایە، ئەو کاتە تۆپی ئاڵتوونیشی دەبردەوە، من دڵنیام، بەڵام لەبەر ئەوەی تەمەنی بچووکە، خەڵاتی کۆپایان پێیدا."
 
بە پێچەوانەی تێباسەوە، خوان لاپۆرتا، سەرۆکی بارسێلۆنا، پێیوایە چامپیۆنزلیگ هۆکاری سەرەکی بووە لە پێشبڕکێی بردنەوەی باڵۆندۆردا.
 
دێمبێلێی 28 ساڵ لە 53 یارییدا لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا 35 گۆڵی بۆ سانجێرمان تۆمارکرد، رۆڵی گەورەی بینی لە بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ لەگەڵ یانەکە و بەو هۆیەوە بووە بەربژێری سەرەکی بردنەوەی باڵۆندۆر.
 
لە بەرامبەردا، یامال لە 55 یارییدا لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا 18 گۆڵی بۆ بارسێلۆنا تۆمارکرد، نازناوی لالیگا، جامی سوپەری ئیسپانیا و جامی شای بەدەستهێنا، بەڵام لە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ئینتەر میلان ماڵئاوایی کرد.
 
یاریزانەکە لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتی کۆپا گوتی: دەبێت بەردەوام بم لە کارکردن بۆ بردنەوەی خەڵاتی زیاتر لە داهاتوودا.
 
لامین يامال لە یەکەم دەرکەوتنییەوە لەگەڵ بارسێلۆنا لە تەمەنی 16 ساڵیدا، چەندین ژمارەی پێوانەیی شکاندووە، بووە بە گەنجترین یاریزان لە مێژووی لالیگادا گۆڵی تۆمارکردبێت و گەنجترین یاریزان کە بەشداری لە پاڵەوانێتی یۆرۆدا بکات. هەروەها خەڵاتی باشترین یاریزانی گەنجی یۆرۆی 2024ی بەدەستهێنا، دوای ئەوەی بەشدارییەکی کارای هەبوو لە بەدەستهێنانی نازناوەکە بۆ ئیسپانیا.
 
تێباس لە کۆتایی قسەکانیدا متمانەی بە یاریزانەکە دووپاتکردەوە و گوتی "ئەگەر بەردەوام بێت لە یاریکردن بە ئاستی ئێستای، کە زۆر پێدەچێت، گومانی تێدا نییە لە داهاتوودا لامین باڵۆندۆر دەباتەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە